ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری خەرج كردنی پارەی كارمەندانی سەر سندوقی دەنگدانی دەركرد و بڕی پارەكەش لەنێوان 150 بۆ 400 هەزارە و كارمەندانی یەدەگ-یش بڕی 100 هەزار دیناریان پێ دەدرێت.
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێرا قلە كۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا بڕیاریدا بە هەڵاوێردكردن “چاوپۆشی كردن” لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان لە پەیڕەو كردنی سیستمی پێدانی ئەلیكترۆنی بۆ خەرج كردنی كرێی كارمەندانی سەر سندوقی دەنگدان، كە 300 هەزار كارمەندن لەتەواوی عێراق و هەرێم.
لە ڕۆژی 9ی ئەم مانگە دەنگدانی تایبەت و لە 11ی مانگ دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئەنجام درا.
بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق، ناوی 34 هەزار کەس لە هەرێمی کوردستان لە تیروپشکدا دەرچوو وەک کارمەندی سەر سندووق کە بەسەر سێ پارێزگای هەولێر، سلێمانی و دهۆک دابەشکرابوون.
نەبەرد عومەر، سەرۆکی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، بە رووداوی راگەیاند: “چەند مانگێک دوای هەڵبژاردن، کارمەندانی سەر سندووقەکان شایستە داراییەکانیان وەردەگرن. کارمەندی یەدەگیش لە هەموو پارێزگایەک دانرابوون و ئەوانیش پارە وەردەگرن”.
وتیشی: “مووچەی کارمەندانی یەدەگ کەمترە لە کارمەندەکانی دیکە و هەر یەکێکیان 100 هەزار دینار وەردەگرێ”.
بە وتەی نەبەرد عومەر، کارمەندان دەبێت کارتی بانکییان هەبێت، چونکە لەو رێگەیەوە شایستەکانیان وەردەگرن و دەتوانن لە ئامێرەکانی ATMـەوە پارەکانیان رابکێشن.
بەڵام بەپێی بڕیارەكەی ئەنجوومەنی وەزیران مەرجی كارتی بانكی لادەبرێت و وەك ساڵانی ڕابردوو لەڕێگەی بانكەكانەوە دابەش دەكرێت.
ئەو کارمەندانە لە رۆژانی دەنگدانی تایبەت و گشتیدا لە زیاتر لە 39 هەزار وێستگە سەرپەرشتیی پرۆسەی دەنگدانیان کرد. لەو 34 هەزار کەسەی ناویان دەرچووە، 5%ـیان وەکو یەدەگ بوون، واتە 1700 کەس.
مووچەی ئەو کارمەندانە بەپێی ئەرکیان جیاوازە و سێ جۆرە. نەبەرد عومەر وتی: “سەرپەرشتیارانی بنکەی دەنگدان 400 هەزار دینار وەردەگرن، بەڕێوەبەرانی وێستگە 300 هەزار دینار و کارمەندی سەر سندووقەکانیش 200 هەزار دینار وەردەگرن، بەڵام ئەوانەی فەرمانبەرن و سەرپەرشتیاری بنکەی دەنگدانن 300 هەزار دیناریان پێدەدرێ، بەڕێوەبەری وێستگە 200 هەزار دینار و کارمەندی سەر سندووقەکانیش 150 هەزار دینار وەردەگرن”.
