جەعفەری ئیمینكی، بەرپرسی هەڵبژاردنی پارتی لە لێدوانێكدا لە بەغداوە ڕایگەیاند، ئیشی تەكنیكی تەواو كرا، بەراورد كرا لەگەڵ كۆمسیۆن، مەبەستمان بوو لەگەڵ ژمارەكانی كۆمسیۆن بەراورد بكەین. لەوێدا ئەم دەنگانە چۆن دەبن بە كورسی، لەوێ دەكەونە بەر سیستەم.
جەعفەری ئیمینكی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی و بەرپرسی مەكتەبی هەڵبژاردنی ئەو حزبە ڕایگەیاندووە، دەمانزانی لە دهۆك 9 كورسی دەبەین، لە هەولێر بەینی 9 بۆ 10 كورسی، لە سلێمانی نەمانگوتووە 3 كورسیمان بردووە، 2 كورسیمان بردووە، لە كەركوك ئیستحقاقی ئێمە 2 كورسی بوو بەس خۆ ناڵێین بۆ بوو بە 1 كورسی، سیستەمە. هەر حزبێك مەكینەیەكی هەڵبژاردنی هەیە بۆ خۆی لێكی دەداتەوە.
ڕاشیگەیاندووە، ئەو هاوكێشەی كە كۆمسیۆنی دەنگەكانی پێ دەكات بە كورسی زۆر ئاڵۆزە و بە كەڵكی عێراق نایەت و دەشڵێت: ئێمە دڵنیاین نە دەنگی كەسمان بردووە و نە كەس دەنگی ئێمەی بردووە.
ئاماژەی بەوەشداوە، ئەو حساباتەی ئێمە دەمانكرد كورسییەكانی پارتی نزیكەی 30 كورسی بوون، بەڵام ئەوەی ئێستاش هەیە كورسی و دەنگی باشن، گرنگ ئەوەیە پارتیمان وەكو حزب یەكەمە لەسەر ئاستی عێراق.
ڕوونیشی كردۆتەوە، ئەم یاسای هەڵبژاردنەی ئێستا كۆمەڵگە دابەشدەكات، لەبەر ئەوە خۆمان حازركردووە ئەم یاسایە هەموار بكرێتەوە، نمونەیەك هەیە. ئێمە لە بازنەی دهۆك 413 هەزار دەنگمان هەیە دەبنە 9 كورسی، لە بەغداد لیستی (ئاوادانكردنەوە و گەشەپێدان- لیستەكەی سودانی) بە 411 هەزار دەنگ 18 كورسی بردوە، ئەمە كەی عەدالەتی تێدایە.
ئیمینكی جەختیشی كردۆتەوە، هۆكاری كەمبوونەوەی دەنگی كورد لە كەركوك كورد خۆی بوو، بەشداری كورد كەمبوو، لە كاتژمێری كۆتایی دەنگی حەویجە زۆر زیادبووە و ئێمە بەدواداچوونی بۆ دەكەین، فرە لیستیش ئەوەش هۆكارێكی ترە، ئێمە ئاواتەخوابووین و جەنابی سەرۆك رایسپاردین لەگەڵ یەكێتی لیستێكی هاوبەش پێكبهێنین، بەڵام دوای ئەوان (مەبەستی یەكێتییە) پەشیمان بوونەوە، خۆ ئەوان پێشتر باسی ئەوەیان ئەكرد ئەمجارە كورد پێكەوە یەك لیستی هەبێت، بەداخەوە پاشگەزبوونەوە.
