جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، ئەولەوییەتی ئێمە لەوەدایە کە گاز لە خزمەتی خەڵك و بۆ گەشەپێدانی ژێرخانی پیشەسازی و ئابوری کوردستان بەکاربهێنرێت.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم لە کۆبوونەوەی لەگەڵ شاندێكی ئەنجوومەنی بازرگانیی ئەمریکا – کوردستان ڕایگەیاند، لەگەڵ ئەوەداین لەم خوولەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا یاسای نەوت و گاز پەسەند بکرێت، بە جۆرێک کە کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا یەکلابکاتەوە.
ڕاشیگەیاند، ئەولەوییەتی ئێمە لەوەدایە، کە گاز لە خزمەتی خەڵك و بۆ گەشەپێدانی ژێرخانی پیشەسازی و ئابوری کوردستان بەکاربهێنرێت.
وتیشی، “کۆمپانیا ئەمریکییەکان بەشدارییەکی کاراتر و کاریگەرتریان هەبێت لە پرۆسەی گەشەپێدانی کوردستاندا و حکومەتی هەرێمیش ئامادەیە بۆ هاوکاری و ئاسانکاری”.

