شارەزایەكی كەشناسی ڕایدەگەیەنێت، ئەم شەپۆلی باران بارینەی دوو ڕۆژی ڕابردوو كۆتایی هات و بۆ ماوەی زیاتر لە هەفتەیەك كەشوهەوا سەقامگیر دەبێت و پلەكانی گەرما ڕوو لە بەرزبوونەوە دەكەنەوە.
شاڵاو عهیدایەت، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، بەهۆی ڕووتێکردن و باڵادەست بوونی سیستەمێکی پەستان بەرزی سیبری ڕووسی زەبەلاح بۆ سەر ناوچەکانمان بۆ ماوەی زیاتر لەهەفتەیەک کەشوهەوای ناوچەکانمان سەقامگیر دەبێت و خێرایی با له گەڵیدا بەزۆری ناچالاک دەبێت.
ڕاشیگەیاند، بەهۆی جێگیر بوونی بەرزە پەستان پلەکانی گەرما لەڕۆژانی داهاتوودا بەڕێژەی 3 تا 5 پلەی سیلیزی بەرز دەبنەوە.
ڕوونیشی كردەوە، لەڕۆژانی داهاتوودا سیستەمێکی تەڕِ و داباراناوی و زۆر باش دەگەرێتەوە سەر ناوچەکانی خۆرئاوای ئەوروپا و بەشێکی تری ئەوروپا تاوەکو ئەو سیستەمەی سەر خۆرئاوای ئەوروپا نەگۆڕێت کەشی تەڕِوتووشی دابارین و باش ناگەرێتەوە ناوچەکانی ئێمە.
دەشڵێت: بەپێی ئاماژە سەرەتاییەکان لەمەودای کۆتایی مانگ بۆ سەرەتای مانگی 12 ئەگەری گۆڕانکاری لەو سیستەمەدا هەیە کەدەبێتە گەڕانەوەی کەشی تەڕوتوشی و دابارین بۆ ناوچەکانمان.
