بەتاوانی سەركوتكردنی راپەڕینی خوێندكاران، سزای لەسێدارەدان بۆ سەرۆك وەزیرانی پێشووی بەنگلادیش دەرچوو.
دادگای بەنگلادیش سزای لەسێدارەدانی بۆ (شێخە حەسینە)ی سەرۆك وەزیرانی پێشووی وڵات دەركرد، بەمەش دادگاكە كۆتایی بە چەندین مانگ پرۆسەی دادگایی كردن هێنا لەسەر كەیسی (دەركردنی فەرمان لەلایەن سەرۆك وەزیرانی پێشووەوە بۆ سەركوتكردنی ڕاپەڕینی خوێندكاران).
دادگای نێودەوڵەتیی تاوانەكان، كە دادگایەكی تاوانەكانی جەنگە لەسەر ئاستی ناوخۆی بەنگلادیش و بارەگاكەی لە شاری (دەكا)ی پایتەختە، ئەمڕۆ لەناو رێوشوێنێكی ئەمنیی تونددا و بەبێ ئامادەبوونی شێخە حەسینە (78 ساڵ) حوكمەكەی دەركرد.
شێخە حەسینە لە ئابی 2024و لە ترۆپكی راپەڕینی خەڵك دژ بە حكومەتەكەی، بەرەو هیندستان هەڵات.
لە یەكەم كاردانەوەدا، شێخە حەسینە حوكمەكەی وا نابرد كە “لەلایەن دادگایەكی ناپاكژ”ەوە دەرچووە، كە حكومەتێكی هەڵنەبژێردراوی نادیموكراتی دروستی كردووە و سەرۆكایەتیی دەكات.
لە بەیاننامەیەكدا كە لەرێگەی ئیمێڵەوە رەوانەی دەزگاكانی راگەیاندنی كرد، شێخە حەسینە بە دادگاكە دەڵێ: ئەوانە لایەندارن و پاڵنەری سیاسییان هەیە.. بە بانگەوازە قێزەونەكانیان بۆ سزای لەسێدارەدان، نیازی بێشەرمانە و خوێناوی كەسانێكی توندڕەویان لەناو حكومەت كاتیی دەرخست بۆ لەكارلادانی دواین سەرۆك وەزیرانی هەڵبژێردراوی بەنگلادیش.
