یەکەی 80ی پارتی هەڵدەوەشێتەوە بەناوی “فەرماندەی دەڤەری یەک” لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە دەست بەکار دەبێتەوە.
میدیاكانی پارتی لە زاری سەرچاوەیەک لە وەزارەتی پێشمەرگە بڵاویانكردەوە، فەرمانی هەرێمی بۆ هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی یەکەی 80 دەرچووە و بەناوی “فەرماندەی دەڤەری یەک” دەخرێتەوە سەر وەزارەتی پێشمەرگە.
ئاماژەی بەوەشکرد، “فەرماندەی دەڤەری یەک” لە شەش فیرقەی هاوبەشی هێزی پێشمەرگە پێکدێت و لەم نزیکانەدا بڕیارەکە جێبەجێ دەکرێت.
سەرچاوەکە وتیشی: بڕیارە سبەی سێ شەممە 18ی تشرینی دووەمی 2025، لەگەڵ شاندێکی سەربازیی ئەمریکا کۆبوونەوەیەک بکەن هەر سەبارەت بە هەماهەنگی و پشتیوانە لۆجستییەکان بۆ هێزی پێشمەرگە.
هەڵوەشاندنەوەی یەکەی80 لە چوارچێوەی چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و یەکخستنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان دێت، كە چەند ساڵێكە لەژێر چاودێری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆكایەتی ئەمریكا سەرپەرشتی و چاودێری دەكرێت.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە بڕیارە بە هەمان میكانیزم و لەچوارچێوەی پڕۆسەی چاكسازی، هێزەكانی 70ی یەكێتی-ش هەڵبوەشێنرێنەوە و بخرێنە سەر وەزارەتی پێشمەرگە.
