spot_imgspot_img

دادگای فیدراڵی چارەنووسی سەرۆک کۆمار و حکومەتی یەکلاکردەوە

دادگای فیدراڵی چارەنووسی سەرۆک کۆمار و پەرلەمان و حکومەتی عێراقی یەکلاکردەوە، ئەویش دوای ئەوەی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی نوێی ئەنجامدرا.

ئەمڕۆ دووشەممە، دادگای باڵای فیدراڵی ڕایگەیاند، ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو لەسەر بنەمای داوایەکی سەرۆک کۆمار بۆ ڕاڤەکردنی ماددەی 56ی دەستوور کۆبووەتەوە بۆ یەکلاکردنەوەی ماوەی دەستووری دەسەڵاتەکان.

ڕوونیشیکردەوە کە لە ڕۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانەوە حکومەت دەبێتە کاربەڕێکەر و دەسەڵاتەکانی لە دەسەڵاتی تەواوەوە کەم دەبنەوە بۆ دەسەڵاتێکی سنووردار و هیچ پاڵپشتێکی یاسایی و دەستووری نییە بۆ دەرکردنی بڕیار و ڕێکاری واژۆکردنی بەڵێننامە و ڕێککەوتنی نێودەوڵەتی کە کاریگەری سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییان لەسەر وڵات هەبێت.

جەختیشیکردەوە کە حکومەتی عێراق بووەتە حکومەتێکی کاربەڕێکەر بۆ ڕاپەڕاندنی کارەکانی ڕۆژانە و خوولی پەرلەمانیش لە ڕۆژی هەڵبژاردنەوە کۆتایی هاتووە و دەبێتە خوولی پێشوو.

سەبارەت بە خوولی نوێش ڕایگەیاند کە لە یەکەم دانیشتنەوە بە سەرۆکایەتی بەتەمەنترین ئەندامەوە دەستپێدەکات کە لەسەر داوای سەرۆک کۆمار بەڕێوەدەچێت و دوای چوار ساڵیش ماوە دەستوورییەکەی کۆتایی دێت.

دادگای فیدراڵی ڕاشیگەیاند سەرۆک کۆمار دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانیش لە ئەرکەکەی بەردەوام دەبێت تا دوای کۆتاییهاتنی هەڵبژاردنەکان و کۆبوونەوەی پەرلەمانی نوێ.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە