بە بەشداری چەندین کەسایەتی هەرێمی کوردستان و عێراق و بیانی، شەشەمین کۆڕبەندی مێپس لە دهۆک دەستپێدەکات.
ئاری زاوێتەیی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی زانکۆی ئەمریکی لە دھۆک رایگەیاند، “لەژێر ناوی (بەڕێوەبردنی ئاڵۆزییەکان لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاستی نوێ) ئەمڕۆ دەست کرا بە کارەکانی شەشەمین کۆڕبەندی مێپس لە شاری دھۆک.
ڕوونیشیکردەوە کە سەدان کەسایەتی لە ھەرێمی کوردستان و عێراق و وڵاتانی بیانی ئامادە دەبن، لە نێویشیاندا مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق و ئەحمەد داود ئۆغڵو سەرۆکی پارتی ئایندەی تورکیا و چەند پەرلەمانتارێکی دیکەی ئەو وڵاتە.
ئاماژەی بەوەشكرد كۆڕبەندەکە سێ رۆژ دەخایەنێت کە ڕۆژی یەکەم تەرخان دەکرێت بۆ پێنج ۆرکشۆپی جیاواز، دوو ڕۆژەکەی دیکە چالاکییەکانی ئاستی باڵا بەڕێوەدەچن، کە تێیدا کەسایەتییە دیارەکان لە هەرێمی کوردستان و عێراق، لەگەڵ میوانە بیانییەکان، بەشدار دەبن.
لە ساڵی 2019ـەوە، ئەم کۆڕبەندە لەلایەن زانکۆی ئەمریکی لە دهۆک ڕێکدەخرێت و دەیان بەرپرسی باڵای هەرێمی و عێراق و کەسایەتی نێوخۆیی ناوچەکە بەشداری تێدا دەکەن.
