ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کۆبوونەوەی ئاسایی هەفتانەی خۆی کە رۆژانی سێشەممەیە بۆ ئەمڕۆ پێش خست، بە گوێرەی میدیای پارتیش لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا بڕیار لە خەرجکردنی مووچەی مانگی نۆ دەدرێت.
دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرپەرشتی محەمەد شیاع سوودانی، کۆدەبێتەوە و دوای کۆبوونەوەکە سوودانی سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات و لە دهۆک لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێم کۆدەبنەوە، پرسی هەنگاوەکانی دوای هەڵبژاردن و مووچە تاوتوێ دەکەن.
میدیای پارتی لە زاری سەرچاوەیەکی حکومەتی عێراقەوە بڵاویکردەوە، هەرچەندە پرسی مووچە لە کارنامەی فەرمی کۆبوونەوەکەدا نییە، بەڵام سوودانی بڕیاری خەرجکردنی مووچەی مانگی نۆی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەدات پێش ئەوەی سەردانی هەرێمی کوردستان بکات.
هاوکات سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێم باسی لەوەکردووە، بڕی 120 ملیار دینار لە داهاتی ناوخۆ ئامادەیە و بەغدا ڕەزامەندی بدات، پارەکە بە کاش دەدرێتە لقی هەولێری بانکی ناوەندی.
