سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان ئەنجامی هەڵبژاردنەکەی پەرلەمانی عێراق بە شکست بۆ حزبەکە ئەژمار دەکات بە هۆیە ئەوەی نەیانتوانی هیچ کورسییەک بەدەستبهێنن.
ئەمڕۆ دووشەممە، پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان ڕاگەیەندراوی کۆتایی کۆبوونەوەی هەردوو ئەنجومەنی سەرکردایەتی و ڕاوێژکاری و چاودێری و بەرپرسی مەکتەب و مەڵبەندەکانی ڕاگەیاند کە دوێنی بە سەرپەرشتی محەمەد حاجی مەحمود بەڕێوەچوو.
لە کۆبوونەوەکەدا محەمەد حاجی مەحمود “باسی لە ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و لێکەوتەکانی کرد، بەتایبەت بۆ حزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستان کە نەیتوانیوە دەنگی پێویست بۆ مسۆگەرکردنی کورسی بەدەستبهێنێت و ئەنجامەکانی بە شکست بۆ حزب و گشت هەڤاڵان ئەژمارکرد”.
ڕوونیشیکردەوە کە ئەو شکستە لەکاتێکدایە کە “حزبی سۆسیالست خاوەن مێژوویەکی دوور و درێژە لە خەبات و تێکۆشان و زیاتر لە ٤٥٠٠ شەهیدی بەخشیوە لەپێناو ئازادی ئەم خاکەدا” و بەرپرسانی حزبەکەی ڕاسپارد “لێکۆڵینەوەی ورد بکرێت لە هۆکاری کەمبوونەوەی دەنگەکانی حزب و لێپرسینەوە لەو هەڤاڵانە بکرێت کە کەمتەرخەم بوون و وەک پێویست ئەرکەکانیان ڕانەپەڕاندووە و بەشێک بوون لە هۆکارەکان”.
لەبەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا، بڕیاردرا بە گۆڕانکاری لە دەزگا و ئۆرگانەکانی حزب و داڕاشتنەوەی پەیکەری ڕێکخستنی مەکتەب و مەڵبەندەکان لەسەر تەرزێکی نوێ کە بگونجێت لەگەڵ دۆخ و قۆناغەکەدا.
بە پێی ڕاگەیەندراوەکە لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، “تەئکید لە سیاسەتی نەگۆڕی حزب پەیوەست بە بنەما دیموکراسی و نەتەوەیی و نیشتمانییەکان کرایەوە و ڕاگەیەندرا، کە پێویستە بۆ پاراستنی فرەیی حزبی و مافی پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکان و بەفیڕۆنەدانی دەنگەکانی کورد، بۆلەمەودوا کۆتایی بە سیستمی سانتلیگۆ بهێنرێت و لەبەرامبەردا سیستمی یەکبازنەیی لە هەڵبژاردنەکان پیادەبکرێت ئەوەش لەپێناو بەرژەوەندی گشتیی و بەرقەراربوونی ئاشتی و ئاسایش لە وڵاتەکەدا”.
