هاتووچۆی هەولێر لەبارەی بەکارخستنی کامێراکانی تۆمارکردنەوەی تیژڕۆیی زانیاری ئاشکرا کرد و دەڵێت” کامێراکانی تیژڕۆیی جێگیر و سووڕانەوە نایاساییەکان دەکەونە کار”.
بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر ئاگادارییەکی بڵاوکردەوە و شۆفێرانی سنووری پارێزگاکەیان ئاگادار کردەوە، کە سیستەمی کۆنترۆڵی هاتووچۆ لە ژمارەیەک شەقام و سووڕانەوەدا چالاک دەکرێت.
بەپێی ئاگادارییەکە، لە کاتژمێر 12:00ـی شەوی 2025/11/17ەوە، کامێراکانی تۆمارکردنی سەرپێچیی تیژڕۆیی و سووڕانەوەی نایاسایی لەو شەقامانەی ناویان لە لیستی هاوپێچدا هاتووە، دەکەوێتە کار بە شێوەی تاقیکردنەوە (تێست).
ماوەی تاقیکردنەوەکە تاوەکو کاتژمێر 12:00ـی شەوی 2025/11/27 بەردەوام دەبێت، و دوای ئەم کات و بەروارە، سەرپێچییەکانی تیژڕۆیی و سووڕانەوەی نایاسایی بە فەرمی لە سیستەمی سزادانی هاتووچۆدا تۆمار دەکرێن و شۆفێرانی سەرپێچیکار سزا دەدرێن.
هاتووچۆی هەولێر ئاماژەی بەوەدا، کە لە زۆربەی ئەو شەقامانەی لە لیستەکەدا ناویان هاتووە، پێشتر کامێرای تۆمارکردنی تیژڕۆیی گەڕۆک هەبووە، بەڵام ئێستا کراون بە کامێرای جێگیر، و لەو سووڕانەوە و شەقامانەی کە پێشتر کامێرای کۆنترۆڵکردنیان لێ نەبووە، کامێرای نوێ دانراوە.
هاتووچۆی هەولێر ڕوونیکردەوە، کە مەبەست لەم ڕێکخستنە نوێیە کۆنترۆڵکردن و ڕێکخستنی زیاتری هاتووچۆ، کەمکردنەوەی ڕووداوەکان و پاراستنی گیانی هاووڵاتیانە.
بەڕێوەبەرایەتییەکە داوا لە شۆفێرانی بەڕێز دەکات پابەند بن بە خێرایی ڕێگەپێدراوەوە و خۆیان لە تیژڕۆیی و سووڕانەوەی نایاسایی بپارێزن، بە هیوای سەلامەتی بۆ هەمووان.
ئەو شوێنانەی کامێرایان لێ دانراوە ئەمانەن:

