بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر ڕوونکردنەوەیەک دەربارەی زەوییەکانی فەرمانبەران بڵاودەکاتەوە
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر، ئەمڕۆ یەک شەممە16ـی تشرینی دووەمی 2025، ڕوونکردنەوە و ئاگادارییەکی گرنگی ئاراستەی فەرمانبەران و هاووڵاتیان کرد سەبارەت بە پرۆسەی دابەشکردنی زەوییەکان.
بەڕێوەبەرایەتییەکە، لە دەستپێکی ڕاگەیاندنەکەدا، دووبارە پیرۆزبایی وەرگرتنی زەوییەکانی فەرمانبەرانی کرد و هیوای سوودوەرگرتنی بۆ خواستن.
لە خاڵێکی گرنگدا، بەڕێوەبەرایەتییەکە هۆشداریدا، کە مامەڵەی کڕین و فرۆشتن بەم زەوییانە دروست نییە و دەبێتە هۆی کێشە لە داهاتوودا، ئەم قەدەغەکردنە تا ئەو کاتە بەردەوام دەبێت کە فەرمانبەران دەبنە خاوەنی “سەنەد (تاپۆ)”ـی خۆیان.
هەروەها، بەڕێوەبەرایەتییەکە هۆشداریدا، کە لە کاتی وردبینیکردنی داهاتوودا، ئەگەر دەرکەوت فەرمانبەرێک دووبارە زەویی وەرگرتووە، ئەوا زەوییەکەی لێ وەردەگیرێتەوە و تووشی سزای یاسایی دەبێت.
بەڕێوەبەرایەتییەکە داوای پابەندبوونی تەواوی لە فەرمانبەران کرد بە ڕێنماییەکان و دووپاتی کردەوە کە نابێت مامەڵە بەو زەوییانەوە بکرێت تا ئەو کاتەی دەبنە خاوەنی سەنەد یان تاپۆی فەرمی خۆیان.
لە ساڵانی ڕابردوودا، حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تایبەتی لە هەولێر و سلێمانی و دهۆک، هەوڵی داوە ژمارەیەک زەوی دابەش بکات. بەڵام پرۆسەکە بەهۆی قەیرانی دارایی و کێشەی پلاندانانی شارەوە جاروبار دواکەوتنی بەخۆیەوە بینیوە.
