spot_imgspot_img

منداڵان پێش تەمەنی سێ ساڵی نابێت چەند خواردنێک بخۆن

شارەزایان ئاماژە بەوە دەکەن کە چەرەس، توو، تۆو، و پارچە سەوزە و میوەی خاو لە باوترین هۆکارەکانی خنکانن لە نێوان منداڵاندا.

پێدانی خۆراک بە منداڵ لە ساڵانی یەکەمدا پێویستی بە زانیاری ورد هەیە دەربارەی ئەوەی کە چی دەکرێت ببێتە مەترسی ڕاستەقینە لەسەر سەلامەتیان. لەم چوارچێوەیەدا، سەنتەری فیدراڵی بۆ خۆراک لە ئەڵمانیا هۆشداری داوەتە دایک و باوکان لە پێدانی هەندێک جۆری خواردن بە منداڵانی تەمەن نێوان یەک بۆ سێ ساڵ، بەتایبەتی ئەو خواردنانەی قەبارەیان بچووکە و بە سروشت ڕەقن، چونکە ئەگەری گیرانی بۆری هەناسە و ڕووداوەکانی خنکانی مەترسیدار زیاد دەکەن.

شارەزایان ئاماژە بەوە دەکەن، کە خواردنەکانی وەک چەرەس، توو، تۆو، و پارچە سەوزە و میوەی خاو وەک گێزەر و سێو، ڕەنگە وەک بژاردەی تەندروست دەربکەون، بەڵام هەمیشە بۆ منداڵ لەم قۆناغە تەمەنییەدا سەلامەت نین. قەبارە بچووک و ڕەقییەکەیان وایان لێدەکات ببنە باوترین هۆکارەکانی خنکان لە نێوان بچووکەکاندا.

ئەوەی داواکراوە قەدەغەکردنی تەواوەتی ئەم خواردنانە نییە، بەڵکو پێدانیانە بە شێوەیەک کە گونجاو بێت لەگەڵ توانای جوین و قوتدانی منداڵەکەدا. سەنتەرەکە پێشنیار دەکات کە ئەم پێکهاتانە بە شێوەی هاڕاو، ڕەندەکراو، یان هاڕاو پێشکەش بکرێن. بۆ نموونە، سێو باشترە بە تەواوی بدرێت بە منداڵ بۆ ئەوەی خۆی لێی بجوێت، لە جیاتی ئەوەی بکرێت بە پارچەی بچووک کە بە ئاسانی بەبێ جوینێکی پێویست قووت بدرێن.

پێویستە منداڵ لە خواردنی خاو بپارێزرێت

هۆشدارییەکی دیکەی پێویست، بریتییە لە دوورکەوتنەوە لە خواردنی خاو کە ڕەنگە میکرۆب یان هۆکارەکانی نەخۆشی تێدابێت کە کۆئەندامی بەرگری منداڵ، کە هێشتا لە گەشەکردندایە ناتوانێت بەرگەی بگرێت. ئەم خواردنانە بریتین لە گۆشتی بە باشی نەلێنراو، سوسجی خاو وەک سەلامی، ماسی و خۆراکی دەریایی خاو، پەنیرە ناپەستەریزەکراوەکان، و ئەو خواردنانەی هێلکەی بە باشی نەلێنراویان تێدایە وەک شوکولاتەی ماڵەوە، مایۆنیز، و هەویرە خاوەکانی کێک.

سەنتەری فیدراڵی بۆ خۆراک جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە گرنگترین هەنگاو بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتی منداڵ، لێنانی خواردنەکە بە باشییە. گەیشتن بە پلەی گەرمی لانیکەم 70پلە لە ناوەوە و دەرەوەی خواردنەکەدا یارمەتیدەرە لە لەناوبردنی ئەو بەکتریا و میکرۆبانەی کە ڕەنگە ببنە هۆی ژەهراویبوون یان تووشبوون بە نەخۆشی.

جێبەجێکردنی ئەم ڕێنماییانە بە وردی، نەک تەنها منداڵ لە مەترسییەکانی خنکان یان پیسبوونی خۆراک دەپارێزێت، بەڵکو گەشتێکی خۆراکی سەلامەت و تەندروستی لە هەستیارترین ساڵانی گەشەکەیدا پێدەبەخشێت.

سەرچاوە: ئاژانسی هەواڵی ئەڵمانی

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە