سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی کوردستان، ڕەخنەی توند لە حکومەتی هەرێم دەگرێت و بە “بێباک و گەندەڵ” ناوی دەبات و دەشڵێت: سەرەڕای ئەوەی مانگی 12 دەستیپێکردووە، هێشتا مووچەی مانگی 9 دابەش نەکراوە، ئەمەش نیگەرانییەکی زۆری لەناو هاووڵاتیاندا دروست کردووە.
مستەفا عەبدوڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی کوردستان لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك ئاماژەی بەوەداوە، کە حکومەتی کاربەڕێکەر زۆر خەمساردانە مامەڵە لەگەڵ پرسی مووچە دەکات، بەڵام بەداخەوە جارێکی تریش هاووڵاتیان بە دروشمە درۆینەکانیان فریو درانەوە و دەنگیان پێدانەوە.
ڕاشیگەیاندووە، لەم هەڵبژاردنەدا، بەسەدان ملیۆن دۆلاریان لە پارەی دزراوی ئەم میلەتە تەخشان و پەخشان کرد بۆ مانەوەی خۆیان لە دەسەڵات، دەبوایە کاری بەپەلەی ئەم دەسەڵاتە بێباکە کۆکردنەوەی ١٢٠ ملیار دینار بوایە بۆ دابینکردنی مووچەی دوو مانگ و بە شاندێكی باڵاوە سەردانی بەغدایان بکردایە بۆ هێنانی ئەو بڕە پارەیە.
مستەفا عەبدوڵا ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەوەی لای ئەوان گرنگ نییە باسی مووچە و بژێوی خەڵکە.
