دەریا خەیروڵا ئەركەوازی، تاكە ئەندامە كوردەكەی پارێزگای دیالە وازی لە “هاوپەیمانی ئەساسی عێراق” هێنا و دەڵێت: “لەمەودوا بەشێوەی سەربەخۆ لە نێو ئەنجوومەنی پارێزگای دیالەدا كاردەكەم”.
دەریا خەیروڵا ئەركەوازی، كە لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عیراقدا لە ساڵی 2023، لە چوارچێوەی هاوپەیمانی ئەساسی عیراق، بە سەرۆكایەتی موحسین مەندەلاوی، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عیراق خۆی كاندید كرد، بە كۆتای ژنان دەرچووە و بووە تاكە كاندیدی كورد و تاكە ئەندامی هاوپەیمانی ئەساس لە ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە.
دەریا لە ڕوونكردنەوەیەكدا دەڵێت: لەمەودوا بەشێوەی سەربەخۆ لە نێو ئەنجوومەنی پارێزگای دیالەدا كاردەكەم.
ئەو دەستلەكاركێشانەوەیە دوای ئەوە هات، كە هاوپەیمانی ئەساس نەیتوانی هیچ كورسییەك لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی 11ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ لە پارێزگای دیالە بەدەستبهێنێت و تووشی شكست بوو، دوای ئەوەی لەگەڵ دەوڵەتی یاسا بە هاوپەیمانێتی “دیالە ئەوەلەن” بەشدارییان كرد.
