وەزارەتی پلاندانانی عێراق ڕەزامەندی لەسەر تاپۆکردنی شوقەکانی شۆراو دەربڕی.
وەزارەتی پلاندانانی عێراق، بە فەرمی ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر دەستپێکردنی ڕێکارەکانی تاپۆکردنی شوقەکانی شۆراو لە کەرکوک، ئەمەش دوای هەوڵ و بەدواداچوونی ئەنجوومەنی پارێزگا.
دکتۆر ئەحمەد کەرکوکی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک ڕایگەیاند، کە لەڕێی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا و دیوانی پارێزگاوە داواکارییەک ئاراستەی وەزارەتی پلاندانانی عێراق کرابوو سەبارەت بەم پرسە.
ئاماژەی بەوەشداوە، وەزارەتەکە ڕەزامەندی خۆی دەربڕیوە لەسەر تاپۆکردنی شوقەکان و دەستی بە ڕێکارە یاساییەکان کردووە.
بەپێی نووسراوی وەزارەتەکە و ڕێنماییەکان، لە کاتی تەواوبوونی ڕێکارە یاسایی و ئیدارییەکاندا، هیچ کرێ و باج و رسووماتێک لە خاوەنی شوقەکان وەرناگیرێت.
د. ئەحمەد کەرکوکی جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، کە وەڵامی وەزارەتی پلاندانان هەنگاوێکی گرنگە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی خاوەندارێتی دانیشتوانی شوقەکانی شۆراو، کە ماوەیەکی زۆرە چاوەڕوانی ئەم بڕیارە بوون.
