مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، ئەوان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق ڤیتۆیان لەسەر هیچ کەسولایەنێک نییە، تەنها مەرجیان جێبەجێکردنی دەستوورە.
بەپێی ڕاگەیەندراوی بارەگای بارزانی، ئەمڕۆ یەکشەممە، لە پیرمام مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی پێشوازی لە عیرفان سدیق، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق كرد.
بەپێی بارەگای بارزانی، لە دیدارەکەدا باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق “پیرۆزبایی لە سەرۆک بارزانی کرد بۆ سەرکەوتنی پڕۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەو سەرکەوتنە مەزنەی پارتی دیموکراتی کوردستان بە دەستی هێنا کە زیاتربوو لە یەک ملیۆن دەنگ”.
هەروەها هیوای خواست کە پڕۆسەی سیاسیی دوای هەڵبژاردن لە عێراق ڕێچکەی خۆی بگرێت لە پێناو پێکهێنانی حکومەتێکی فیدڕاڵی بە بەشداری هەموو لایەنە سیاسییەکان.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، بارزانی سوپاسی باڵیۆزی بەریتانیای کرد، و رایگەیاند، کە سەرەڕای ئەو ئاستەنگانەی کە بۆ پارتی دروستکران، بەڵام بە متمانەی بەهێزی گەلی کوردستان، پارتی توانی سەرکەوتنێکی گەورە بەدەستبهێنێت.
بارزانی قۆناغی دوای هەڵبژاردنی بە گرنگ وەسفکردوە و ئاماژەی بەوەداوە، کە پێویستە بۆ ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوی حوکمڕانی لە عێراق و جێبەجێکردنی بڕگەکانی دەستوور، هەموو لایەنە سیاسییەکان بە جددی کار لەسەر ئەم پرسە بکەن و لێکنزیک ببنەوە و ئەزموون لە هەڵەکانی رابردوو وەربگرن.
هەروەها بارزانی رایگەیاند، پەیوەست بە پارتی و هەرێمی کوردستان، جێبەجێکردنی دەستوور دەبێتە بنەمای سەرەکی بۆ گفتوگۆکان بۆ پێکهێنانی حکوومەتی داهاتووی عێراق و لەو بارەوە وتی: “ڤیتۆمان لەسەر هیچ کەس و لایەنێک نییە، لای ئێمە خالی گرنگ ئەوەیە هەر کەس و لایەنێک بڕوای بە فیدڕاڵی تەواو هەبێت لەسەر بنەمای دەستوور، هەروەها بڕاویان بە جێبەجێکردنی دەستوور و دەرکردنی یاسا بۆ ئەو برگانەی لە دەستووردا هاتوون و جێبەجێکردنی ئەو یاسایانەی کە لەسەر بنەمای دەستوور دەرکراون هەبێت کە تا ئێستا جێبەجێنەکراون، وەکو یاسای ئەنجوومەنی ئیتحادی و یاسای نەوت و گاز. هەر کەس و لایەنێک پابەندبێت بەجێبەجێکردنی دەستوور نزیکترین کەس و لایەن دەبێت لە ئێمە و لە هەرێمی کوردستان”.
پەیوەست بە ناوخۆی هەرێمی کوردستان، بارزانی رایگەیاند، “پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئێمە هەموو نەرمییەکمان نواند، پێشتریش ڕامانگەیاندبوو کە مەرج نییە ئەو هەڵومەرجەی پێش هەڵبژاردن هەبوو دوای هەڵبژاردن بمێنێت. بەڵام گرنگە دەگاکانی گفتوگۆ کراوەبن تا بتوانین بەیەکەوە کێشەکان چارەسەر بکەین”.
لەسەر پرسی یەکڕیزی کورد لە بەغدا مەسعود بارزانی باسی لەوەکردووە، کە بنەمای یەکڕیزیی کورد لە بەغدا ئەوەیە کە باوەڕێکی هاوبەشمان هەبێت لەسەر پرسە ستراتیژییەکانی هەرێمی کوردستان و لەسەر بابەتی فیدڕالییەت و پابەندبوونی بەغدا بە تەواوی بڕگەکانی دەستوور.



