spot_imgspot_img

زێرەڤانی داوای سزادانی کاندیدێکی دەرچووی تەقەدوم دەکات

فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی داوای سزادانی کاندیدێکی دەرچووی پارتی تەقەدوم دەکات کە هێرشی کردووەتە سەر ماڵی پێشمەرگەیەکی زێرەڤانی لە شارۆچکەی دوبزی سەر بە پارێزگای کەرکووک و دەستڕێژی گولـلەی بەسەر ماڵەکەیاندا کردووە.

لە ئاگادارییەکەی فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانیدا هاتووە: دوێنێ شەممە، کاندیدێکی دەرچووی حزبی تەقەدووم، بەناوی موهەیمەن حەمدانی، هێرشی کردە سەر ماڵی پێشمەرگەیەکی فەرماندەییمان بە ناوی ئەحمەد خەڵەف لە شارۆچکەی دووبزی سەر بە پارێزگای کەرکووک. هەرچەندە خۆی لە ماڵەوە نەبووە بەڵام کاندیدەکەی تەقەدووم دەستڕێژی گوللـەی لە ماڵی پێشمەرگەکەمان کردووە و خانەوادەکەی ئازار داوە.

دەشڵێت: “ئێمە لە فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی بە توندی ئیدانەی ئەو کردارە نامرۆڤانەیەی موهەیمەن حەمدانی دەکەین و داوا لە هێزە ئەمنییەکان و ئیدارەی شارۆچکەی دووبز دەکەین بە زووترین کات ڕێوشوێنی توندی یاسایی بەرامبەر ئەو کاندیدە بگرنە بەر و بە سزای یاسایی خۆی بگەیەنرێت.

فەرماندەیی زێرەڤانی دووپاتی دەکاتەوە کە هەموو ڕێوشوێنێکی پێویستی یاسایی لە دژی ئەو کاندیدە دەگرنە بەر، ئیدارە و هێزە ئەمنییەکانی دەڤەرەکەش ئاگادار دەکەینەوە کە پاراستنی گیان و ماڵی هەر پێشمەرگەیەک و خانەوادەکانیان لە سنوورەکە لە ئەستۆی ئەوانە. هاوکات پێویستە هەموو ڕێکارێک بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆر هێرش و پەلامار و کردەوانە بگیرێتەبەر.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە