spot_imgspot_img

مەرجی هەسەدە بۆ یەكگرتن لەگەڵ سوپای سووریا ڕاگەیەنرا

نوێنەرانی ئیدارەی خۆسەر دەڵێن: تێکەڵکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە سوپای سووریادا پێویستی بە دامەزراندنی سوپایەکی نیشتمانی یەکگرتوو هەیە کە ملكەچی دەسەڵاتێكی سیاسی شەرعی و یاسای خزمەتکردنی یەکگرتوو و باوەڕی بەرگری نیشتمانی بێت.

نوری مەحمود، فەرماندەی گشتی هێزەکانی پاراستنی خۆبەڕێوەبەری لە دیدارێکدا لەگەڵ کۆمەڵگەی مەدەنی و کەسوکاری شەهیدان لە دێریک وتی، “باکور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕێگای سێهەمی هەڵبژارد، چونکە باشترین ڕێگایە بۆ خزمەتی بەرژەوەندی گەل و زامنکردنی مافی هەموو پێکهاتەکان”.

ڕاشیگەیاندووە، حکومەتی ئینتقالی هەمان ڕێبازی حکومەتی پێشوو پەیڕەو دەکات و بە شێوەیەک بە ناوەندگەراییەوە دەلکێت، کە خزمەت بە بەرژەوەندیی لایەنە دەرەکییەکان بکات.

وتیشی، “هێزەکانمان خەڵکیان لە تیرۆر پاراست و پێکهاتەکانیان توانی دامودەزگاکانی خۆیان دابمەزرێنن و کاروبارەکانیان لەسەر بنەمای پێکەوەژیان بەڕێوەببەن”.

دەشڵێت: پێویستە هێزەکانمان ناوکی سوپای داهاتووی سووریا پێکبهێنن. هەموو گەلان لە توندوتیژی و داگیرکاری و ئاوارەبوون دەپارێزێت و بەپێی بەها و ئەخلاق و کولتووری کۆمەڵگا گەشە دەکات.

بەپێی ڕێککەوتنی نێوان ئەحمود شەرع و مەزڵوم عەبدی بڕیارە هێزەکانی سووریای دیموکرات “هەسەدە” تێکەڵ بە سوپای سووریا بکرێن بەڵام تائێستا نەچۆتە بواری جێبەجێکردنەوە و هەنگاوەکان بە سستی بەڕێوەدەچن.

لای خۆشیەوە، عەبدولسەلام ئەحمەد، نوێنەری ئیدارەی خۆسەری ڕۆژئاوای كوردستان لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی (ریا نۆفستی) روسیا ئاماژەی بەوەکردووە، یەکگرتن تەنها بابەتێکی سەربازی نییە، بەڵکو پێویستی بە ڕێککەوتنێکی سیاسی هەمەلایەنە هەیە کە دووبارە داڕشتنەوەی بەیاننامەی دەستووری و گەیشتن بە ڕێککەوتن لەسەر سیستەمی حوکمڕانی و پەیوەندی نێوان حکومەتی ناوەندی و ناوچەكان لەخۆبگرێت، لەگەڵ پێکهێنانی دەسەڵاتێکی راگوزەر کە شەرعیەتی نیشتمانی هەبێت، توانای سەرکردایەتیکردنی قۆناغی داهاتوو و سەرپەرشتیکردنی دامەزراندنی دامەزراوەیەکی سەربازیی یەکگرتووی هەبێت.

وتوشیەتی: بەبێ ئەم بناغە دەستوری و سیاسییانە، هەر باسێک لە یەکخستنی هێزەکان تەنیا بە تیۆری دەمێنێتەوە، یەکگرتن پێویستی بەوەیە سەرەتا دەوڵەتێک پێکبهێنرێت نەک گروپی چەكداری پەرشوبڵاو.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە