سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، هەوڵەکانی یەکێتی لە چوارچێوەی یەکخستنی لایەنەکان و یەکڕیزی نیشتمانیدا دەبێت.
بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە بەغداد لەگەڵ فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عیراق لە بەغداد کۆبووەتەوە.
بەپێی راگەیەندراوێك، كە لەلاپەڕەی فەرمی سەرۆكی یەكێتی لە فەیسبووك بڵاوكراوەتەوە، لە کۆبونەوەکەدا جەخت لە هەماهەنگی و هاریکاریی بەردەوامی نێوان لایەنە سیاسییەکان کرایەوە بۆ پەلەکردن لە پێکهێنانی حکومەتێکی نیشتمانیی خزمەتگوزار، کە وەڵامدەرەوەی پەرۆشی خەڵک و پێویستییەکانیان بێت.
سەرۆکی یەكێتی “دەستخۆشی و پێزانینی بۆ هەوڵەکانی دەسەڵاتی دادوەری لە دەستەبەرکردنی سەرکەوتنی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەربڕیوە”.
رایگەیاندووە، هەوڵەکانی یەکێتی لە چوارچێوەی یەکخستنی لایەنەکان و یەکڕیزی نیشتمانیدا دەبێت و کاردەکەین بۆ زیاتر خزمەتکردنی خەڵکە خۆشەویستەکەمان.
