پارێزگاری دیالە بڕیاریدا سبەی بۆ ناوەندەکانی خوێندن پشووی فەرمی بێت و ئەم بڕیارە تەنها قوتابخانەکان دەگرێتەوە.
عەدنان ئەلشمەری، پارێزگاری دیالە، ئەمڕۆ شەممە (15ی تشرینی دووەمی 2025)، بڕیاریدا سبەینێ ڕۆژی یەکشەممە 16ـی تشرینی دووەمی 2025 دەوامی فەرمی لە قوتابانەکان ڕابگرێت و بکرێتە پشووی فەرمی، ئەمەش بەهۆی ئەو بارودۆخە کەشوهەوایەی کە پارێزگاکە پێیدا تێدەپەڕێت.
پارێزگاکە لە بەیاننامەیەکی کورتدا جەختی کردەوە، کە “بڕیارەکە تەنها دامەزراوە پەروەردەییەکان دەگرێتەوە، لە کاتێکدا فەرمانگە و دەزگا حکومییەکانی دیکە بە شێوەیەکی ئاسایی بەردەوام دەبن لە کارەکانیان”.
لە شەوی ڕابردووەوە، بەغدا و پارێزگاکانی خوارووی عێراق یەکەم شەپۆلی بارانی وەرزی زستانەیان بەخۆوە بینی، لە کاتێکدا دەستەی کەشناسی جەختی کردەوە کە شەپۆلی بارانەکە تا سبەی یەکشەممە بەردەوام دەبێت.
هاوکات لە هەرێمی کوردستانیش شەپۆلەکە بەردەوامی دەبێت و بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی بێت لە هەندێک ناوچە بارانبارین دەگاتە ئاستی پەڵە دان.
