دابەشكردنی نەوتی سپی حكومەتی هەرێم، كە بەرمیلی بە 104 هەزار دینارە لە ناوچە شاخاوییەكان بەردەوامە و بڕیارە لە كۆتایی ئەم مانگە و سەرەتای مانگی داهاتوو لەناو شارەكانیش دابەش بكرێت.
سەرچاوەیەك لە لیژنەكانی دابەشكردنی نەوت لە سلێمانی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، دابەشكردنی نەوت لە ناوچە شاخاوی و دەرەوەی شاری سلێمانی بەردەوامە و هێشتا (سەیدسادق و هەڵەبجەی تازە و بازیان و دەربەندیخان) نەوتیان وەرنەگرتووە.
ڕاشیگەیاند، دوای دابەشكردنی نەوت لەو ناوچانە، كە ڕەنگە تا كۆتایی ئەم مانگە و زووتریش تەواو ببن، دوای ئەوە لە ناو شاری سلێمانی دابەشكردنی نەوت دەستپێدەكات.
ئاشكراشی كرد، نووسراویان كردووە بۆ وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و هێشتا وەڵامیان نەدراوەتەوە.
حكومەتی هەرێم ساڵانە بەرمیلێك نەوت بەسەر هەر خێزانێك دابەش دەكات بە نرخی حكومی، كە بۆ هەر بەرمیلێكی 200 لیتری بڕی 104 هەزار دینار وەردگرێت.
لای خۆشیەوە، سەلام عومەر، وتەبێژی نەوت و کانزاکانی سلێمانی ڕایگەیاندووە: لە ناوچە شاخاوییەکانی سنوری سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و ئیدارەی راپەڕین، 30 ملیۆن لیتر نەوت دابەشکراوە و زیاتر لە 150 هەزار خێزانیش سوودمەند بوون.
سەبارەت بە دابەشکردنی نەوت لە سەنتەری شارەکان وتیشی: نووسراومان کردووە بۆ وەزارەت، چاوەروان دەکەین وەزارەتی سامانە سروشتییەکان وەڵاممان بدەنەوە و راستەوخۆ رۆژێک دوای وەڵامەکەی ئەوان دەست بەدابەشکردنی نەوت دەکەین.
لە مانگی ڕابردوودا ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری ناردنی 3 ملیۆن بەرمیل نەوتی سپی بۆ هاووڵاتیانی هەرێم دا بە نرخی حكومی، كە بۆ هەر بەرمیلێك بڕی 30 هەزار دینارە، بەڵام تا ئێستا ئەو بڕە نەوتە ڕەوانەی هەرێم نەكراوە، بۆیە بەهۆی دەستپێكردنی سەرماوە حكومەتی هەرێم زووتر دەستی بە دابەشكردنی نەوت كردووە.
ساڵی ڕابردوو حكومەتی عێراق تەنها بڕی 50 ملیۆن لیتر نەوتی بۆ هەرێم نارد، كە بەهۆی كرێی گواستنەوەوە بە 50 هەزار بەرمیلی درا بە هاووڵاتیان و تەنها بەشی ناوچە شاخاوییەكانی كرد.
