کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، 102 سکاڵا تۆمار کراون، بەڵام چاوەڕوان دەکرێ زۆربەیان کاریگەرییان لەسەر ئەنجام نەبێ.
جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، کۆی گشتیی سکاڵاکانی رۆژانی دەنگدانی گشتی و تایبەت گەیشتووەتە 102 سکاڵا.
بە وتەی غەلای، “لەو ژمارەیە 59 سکاڵایان تایبەتن بە دەنگدانی گشتی و 43ـی دیکەیان تایبەتن بە دەنگدانی تایبەت”.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەشی سکاڵا و تانەکان لە کۆمسیۆن دەستی بە پۆلێنکردنی سکاڵاکان کردووە و زۆربەیان وەک زەرد و ژمارەیەکی کەمیان وەک سەوز پۆلێن کراون، کە کاریگەرییان لەسەر ئەنجام نابێ.
ڕۆژی سێ شەممە 11-11 دەنگدانی گشتی و ڕۆژی 9ی مانگیش دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئەنجام درا و ئێوارەی ڕۆژی چوار شەممە کۆمیسیۆن ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی راگەیاند.
