وتەبێژی حەج و عەمرەی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، ئامادەکارییەکان بە کۆتا گەیشتوون و بڕیارە سبەی کاتژمێر ١١ی بەیانی تیروپشک بۆ ناوی کەسانە دەکرێت، کە بۆ وەرزی حەجی 2026 خۆیان تۆمارکردووە.
کاروان ستونی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی هەرێم بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، ئەمساڵ بۆ یەکەمجار ناو تۆمارکردن بۆ فەریزەی حەج بە شێوەی ئەلیکترۆنی بەڕێوەچووە، لەبەر تازەیی سیستمەکە پرۆسەی وردبینی و پێداچوونەوەی ناوەکان و ڕێکارەکانی دیکە ماوەیەکی زیاتری خایاند، بۆیە ئەنجامدانی تیروپشکەکە بۆ ئەمساڵ کەمێک دواکەوتووە.
ڕاشیگەیاند، 89 هەزار کەس ناویان بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەجی ساڵی 2026 تۆمار کردووە، لەبەر زۆری خواست، ئەمساڵ مەرجێک زیادکراوە ئەگەر کەسێک پێشتر فەریزەی حەجی ئەنجام دابێت، ناوی ناچێتە نێو تیروپشکەکەوە، هەربۆیە هەزاران ناو دەرهێنراوە و دوورخراونەتەوە.
کاروان ستونی وتیشی: لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ یەکەم جار لە ڕێگەی بە ئەلیکترۆنیکردنی پرۆسەی ناو تۆمارکردن بۆ حەج هاوکارییەکی باشی هاووڵاتیانی کردووە و بارگرانی کەمکردۆتە، چونکە لەم سیستمە ناو تۆمارکردن بێبەرانبەرە. بەڵام پێشووتر هەرکەسێک ناوی بۆ حەج تۆمار بکردایە، دەبوایە بڕی 50 هەزار دیناری بدات، دواتریش ئەم بڕە کەمکرایەوە بۆ 25 هەزار دینار.
