بۆ یەکەمجار لەدوای پێکهێنانی هاوپەیمانی شیعەکان “چوارچێوەی هەماهەنگی”، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، كە کاندیدی پێشەنگی هەڵبژاردنی نوێی پەرلەمانی عێراقە، بەشداری کۆبوونەوەی هاوپەیمانییەكەی نەکرد. هاوپەیمانییەکەی سودانی ڕایگەیاند، بەردی بناغەی هەر هاوپەیمانێتییەک لەگەڵ لایەنە سوننە و کوردی و شیعەکانی دیکەدا سەرکردایەتی سودانییە بۆ حکومەتی داهاتووی عێراق.
ڕادیۆی (مۆنتی کارلۆ)ی نێودەوڵەتی بڵاویكردەوە، دیارترین بژاردەی سودانی بۆ پێکهێنانی حکومەت، دروستکردنی هاوپەیمانییە لەگەڵ حەلبوسی و بارزانی، بەڵام ئەم هاوپەیمانییە گەرەنتیی سودانی ناکات بۆ ئەوەی جارێکی دیکە ببێتەوە بە سەرۆک وەزیران.
ئاماژەی بەوەشداوە، هەڵبژاردنی سەرۆک وەزیران تایبەتە بە هێزە شیعییەکان نەک سوننە و کورد، بۆیە دەبێت سودانی لەنێو هێزە شیعییەکاندا جووڵەکانی چڕ بکاتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتەكە، نوری مالکی و گرووپە چەکدارەکان و ئێران نایانەوێت سودانی ببێتەوە بە سەرۆک وەزیران بۆ خوولی دووەم.
ئەمە بۆ یەکەم جارە لە دوای دامەزرانی “چوارچێوەی هەماهەنگی”یەوە، سودانی براوەی یەکەمی هەڵبژاردنەکان، لە کۆبوونەوەی چوارچێوە لە دوای هەڵبژاردنەکان بەشدار نەبوو.
هاوپەیمانییەکەی سودانی ڕایگەیانووە، تەوەری سەرەکیی دانوستانی هاوپەیمانییەکەی سودانی لەگەڵ لایەنەکانی سوننە و کورد و شیعە بۆ پێکهێنانی هەر هاوپەیمانییەک، سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقە بۆ سودانی.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە بڕیارە ئەم هەفتەیە محەمەد شیاع سودانی، سەردانی هەرێمی کوردستان بكات و ئامانجی سەرەکی سەردانەکە، بەشداری کردنە لە دیدارێکی زانکۆی ئەمریکی لە دهۆک ولەپاڵ ئەمەشدا گفتوگۆ و کۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنە کوردییەکان دەبێت، کە ئامانجی سەرەکی تیایدا باس و خواسی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراقییە.
ئەو سەرکەوتنەی سودانی بەدەستی هێنا بەس نییه بۆ بەدەستهێناوەی خولی دووەمی سەرۆكایەتی حكومەت.
سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە دەستیان بە راوێژی خێرا کردووە بۆ پێکهێنانی گەورەترین كوتلە لە پەرلەمانی عێراق و سەندنەوەی پۆستی سەرۆک وەزیران لە محەمەد شیاع سودانی، کە ژمارەیەکی بەرچاوی کورسی لە هەڵبژاردنەکاندا بەدەستهێناوە، رکابەرەکانی سودانی لە (هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی نوری مالیکی، عەسائیب ئەهلی حەق بە سەرۆکایەتی قەیس خەزعەلی، رێکخراوی بەدر بە سەرۆکایەتی هادی عامری و هێزەکانی دەوڵەت بە سەرۆکایەتی عەمار حەکیم)، بە کۆی گشتی زیاتر لە (٩٠)کورسییان بەدەستهێناوە.
لە دوێنێوە ركابەرەكانی سودانی راوێژیان دەستپێکردووە بۆ تاوتوێکردنی پێکهێنانی حکومەتی نوێ، ئەمەش دوای ئەوەی ئەنجومەنی باڵای دادوەری داوای لە حزبەكەكان كرد پەلە بەكەن لە گفتوگۆكانی پێکهێنانی پەرلەمان و حکومەت لە چوارچێوەی ماوە دەستورییەكاندا.
لای خۆیەوە، عەباس موسەوی، راوێژکاری سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا رایگەیاندووە، چوارچێوەی هەماهەنگی بەبێ هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان (120) کورسی مسۆگەر کردووە.
موسەوی ئاماژەی بەوەكردووە، بەشداری ئەرێنی رەنگدانەوەی متمانەی هاووڵاتیانە، ترسمان هەبوو لەوەی هاوبەشەکانمان ژمارەیەکی کەم بەدەستبهێنن.
جەختیشكردووە لەوەی، چوارچێوەی هەماهەنگی هەوڵی خێراکردنی پێکهێنانی حکومەت دەدات، سەرکردەکانیشی هاوڕان لەسەر ئەوەی بەیەك كوتلەی گەورە بچنە پەرلەمان و نوێنەرایەتی بڕیاری شیعەکان دەکەن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک وەزیران.
