توێژەران لە زانکۆی پراگی کیمیا و تەکنەلۆجیا ئاشکرایان کردووە کە هەندێک لەو قاپ و قاچاغانەی کە ڕادەگەیەنرێت “ژینگەدۆستن” و لە قامیش و ماددە بایۆلۆجییە هاوشێوەکان دروستکراون، ڕەنگە هەڕەشە لەسەر تەندروستی دروست بکەن.
لێکۆڵینەوەیەکی شیتەڵکاری کە لەسەر 33 نموونە لە کوپ، قاپەکانی زەڵاتە، و قاپەکانی منداڵان ئەنجامدراوە (کە لە چیک، شانشینی یەکگرتوو و چین کڕاون) ئەوەی دەرخست، کە نزیکەی یەک لەسەر سێی بەرهەمەکان ماددەی میلامین دەردەدەن، کە پێکهاتەیەکی کیمیایی پیشەسازییە و لە پلاستیکدا بەکاردێت و دەکرێت لە کاتی گەرمکردن یان بەرکەوتنی ترشەکانەوە بچێتە ناو خۆراکەوە. لە شەش حاڵەتدا ڕێژەی میلامینەکە لە ستانداردە سەلامەتییەکانی ئەوروپا تێپەڕیبوو.
زانایان ئاماژەیان بەوەدا، کە ناونیشانە چەواشەکارەکان وەک “100% قامیش” یان “ماددەی شیبووەوەی بایۆلۆجی” زۆرجار ڕاستییەکە دەشارنەوە، چونکە قاپەکان لە ڕاتینجی میلامین-فۆرماڵدەهید لەگەڵ تۆزی قامیش دروستکراون. ئەم زیادکردنە، لەجیاتی خێراکردنی شیبوونەوە، دەبێتە هۆی زیادکردنی دەردانی ماددە ژەهراوییەکان. ماددەی میلامین تەنانەت لە خواردنەوە ئاساییەکانی وەک چای گەرمی بە لیمۆ و شەربەتی پڕتەقاڵدا دۆزراوەتەوە.
هەروەها توێژینەوەکە شوێنەواری قڕکەرەکانی مێروو (موبیدات) و ماددە پاککەرەوەکانی دۆزیوەتەوە، بە تایبەت لە قاپ و قاچاغی دروستکراو لە دانەوێڵە و تێکەڵەی شیاوی خواردن، ئەمەش وادەکات ئەم بەرهەمانە ببنە سەرچاوەیەکی زیادەی پیسبوونی کیمیایی بۆ خۆراک.
سەرەڕای ئەوەی کە یەکێتی ئەوروپا لە ساڵی 2021ەوە بەکارهێنانی قامیشی لە پلاستیکی خۆراکدا قەدەغە کردووە، بەڵام ئەم قاپ و قاچاغانە هێشتا بە شێوەی ئۆنلاین و لە مارکێتەکاندا وەک بەرهەمی “سروشتی” دەفرۆشرێن. زانایان داوای چاودێری و تاقیکردنەوەی توندتر بۆ قاپ و قاچاغە ڕاگەیەندراوەکان وەک “ژینگەدۆست” دەکەن بۆ پاراستنی بەکاربەران لە مەترسییە شاراوەکان.
