دەزگای ئاسایشی هەرێم و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئۆپەراسیۆنەکانی ئاسایش لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار گفتوگۆیان کردووە بۆ سزادانی ئەو کەسانەی لەسەر هەڵکردنی ئاڵای کوردستان هێرشیانکردە سەر سێ گەنج لە قەزای خورماتوو.
دەزگای ئاسایشی هەرێم لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە: ئەو گەنجانە لەلایەن دەزگاکەمان و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئۆپەراسیۆنەکانەوە بانگهێشتکراون و لە نەخۆشخانەکانی سلێمانی چارەسەری تەندروستییان بۆ ئەنجامدراوە.
دەقی راگەیەندراوەکە:
لەڕۆژی ٢٠٢٥/١١/١١ سێ گەنج لەقەزای خورماتوو، لەسەر هەڵکردنی ئاڵای پیرۆزی کوردستان، ڕووبەڕووی لێدان و تەشهیرکردن بوونەوە، لەسەر ئەم ڕووداوە دەزگای ئاسایشی هەرێم و بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایش، دەستبەجێ بەدواداچوونیان ئەنجامدا و گفتوگۆ لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار کرا بۆ سزادانی لایەنی سەرپێچیکار.
دوای ڕووداوەکە، ئەو چەند گەنجە لەلایەن دەزگای ئاسایشی هەرێم و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایش بانگهێشتکران و لەنەخۆشخانەکانی سلێمانی چارەسەری تەندروستیان بۆ ئەنجامدرا و دواتر سوپاس و پێزانیان پێشکەشکرا و بەڵێنی پشتیوانی زیاتریان پێدرا.
