دۆناڵد ترەمپ, سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند کە، ئومێدەوارە سعوودیە بە زووترین کات بچێتە ناو ڕێککەتننامەی ئیبراهیمییەوە.
دۆناڵد ترەمپ لە کاتی چوونی بۆ ویلایەتی فلۆریدا بە مەبەستی تێپەڕاندنی پشووەکانی کۆتایی هەفتە، لە ناو فڕۆکەدا کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ئەنجام دا.
ترەمپ وێڕای ئاماژەدان بە دیداری هەفتەی داهاتووی خۆی لەگەڵ محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعوودیە کە لە کۆشکی سپی بەڕێودەچێت، وتی، تامەزرۆی دیداری شازادەی جێنشینە.
دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند، “بەڵێ، ئەوان (سعوودیە) دەیانەوێ فڕۆکەی جەنگی F-35 بکڕن و ئەوە منیش لێی دەکۆڵمەوە، تەنانەت لە ڕاستیدا ئەوان دەیانەوێ زۆر جۆری فڕۆکەی جەنگی بکڕن”.
لەبارەی ئاساییکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و سعوودیە، سەرۆکی ئەمریکا وتی، “هیوادارم زۆر بە زوویی سعوودیە بچێتە ناو ڕێککەوتننامەی ئیبراهیمی. ئەم بابەتەش لە دیدارەکە (لەگەڵ بن سەلمان) دەخەمە بەر باس”.
بڕیارە محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعوودیە، ڕۆژی 18ی ئەم مانگە لە کۆشکی سپی لە لایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاوە پێشوازی لێ بکرێت و پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵات و پرسە هەرێمییەکان تاوتوێ بکرێت.
