میدیای ئەمریکا بڵاویکردەوە کە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ نیگەرانە لەوەی ئەگەر فڕۆکەی جەنگی F-35 بە سعوودیە بفرۆشێت، چین دەستی بەو تەکنەلۆجیایە بگات.
ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز، لە زاری کەسانی ئاگاداری بابەتەکە بڵاویکردووەتەوە، لە کاتێکدا ئەمریکا کار دەکات بۆ تەواوکردنی ڕێککەوتنی فرۆشتنی فڕۆکەی جەنگی F-35 بە سعوودیە، پنتاگۆن لە ڕاپۆرتێکی هەواڵگریی پەیوەندیداردا نیگەرانییەکانی سەبارەت بەم بابەتە خستووەتەڕوو.
ئاماژە بەوە دەکرێت کە بەرپرسانی پنتاگۆن نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە لەوەی ڕەنگە تەکنەلۆجیای F-35 لە ڕێگەی سیخوڕیی چین یان هاوبەشیی ئەمنی چین لەگەڵ سعوودیە تووشی مەترسی ببێت.
میدیای ئەمریکا باس لەوە دەکات کە کار لەسەر دوایین تەوەری ڕێککەوتنێک دەکرێت بۆ فرۆشتنی 48 فڕۆکەی F-35 بە سعوودیە و، چاوەڕوان دەکرێت پیت هێگسێس، وەزیری جەنگی ئەمریکا ڕەزامەندی لەسەر ڕێککەوتنەکە بدات.
بڕیاریشە محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعوودیە ڕۆژی 18ی ئەم مانگە، لە کۆشکی سپی لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا کۆببێتەوە و ڕەنگە ڕێککەوتنی فرۆشتنی F-35 لە کارنامەیاندا بێت.
