کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان دڵنیایی دەدات سکاڵاکان کاریگەری لەسەر ئەنجامەکان نابێت.
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، ئەمڕۆ پێنجشەممە 13ی تشرینی دووەمی 2025 ڕایگەیاند، کە سکاڵا گەیشتووەکان سەبارەت بە ڕۆژانی دەنگدانی تایبەت و گشتی تا ئێستا هیچ حاڵەتێکی تێدا نییە کە کاریگەری لەسەر ئەنجامە کۆتاییەکان هەبێت.
عامر حوسێنی، سەرۆکی بازنەی هەڵبژاردن لە کۆمیسیۆن بە ماڵپەڕی”بغداد الیووم”ـی ڕایگەیاند، کە ژمارەی سکاڵاکان کەمە و سکاڵاکان بە سێ ڕەنگ پۆلێن کراون زەرد بێ بەڵگە سەوز لێکۆڵینەوەی کارگێڕی کە کاریگەری لەسەر ئەنجام نییە، و سوور کە ڕەنگە کاریگەری هەبێت.
حوسێنی دووپاتیکردەوە، کە پۆلێنکردنی سکاڵاکانی پەیوەست بە دەنگدانی تایبەت هیچ سکاڵایەکی ڕەنگی سووری تێدا نەبووە.
کۆمیسیۆن بەردەوامە لە پۆلێنکردنی سکاڵاکانی ڕۆژی دەنگدانی گشتی و ئەمڕۆ دوا ڕۆژە بۆ وەرگرتنیان کە بە گشتی 101 سکاڵا وەرگیراون و هێشتا لەژێر پۆلێنکردندان.
