هۆشداری نێودەوڵەتی لە مەترسییەکانی زیادبوونی ڕێژەی بەرزی پەستانی خوێن لەناو منداڵاندا لە ماوەی دوو دەیەدا دەدرێت و توێژینەوەیەکیش دەڵێت”ڕیژەکە بووە بە دوو هێندە”.
توێژینەوەیەکی نوێی جیهانی هۆشداریدا لە تێکچوونی قەیرانێکی تەندروستی لەناو منداڵاندا دوای ئەوەی ژمارەی تووشبووان بە بەرزی پەستانی خوێن لە ماوەی بیست ساڵی ڕابردوودا دوو هێندە بووە و گەیشتووەتە نزیکەی 114 ملیۆن منداڵ لە جیهاندا.
توێژینەوەکە کە لە گۆڤاری Lancet Child and Adolescent Health بڵاوکراوەتەوە،و زیاتر لە 443 هەزار منداڵی لە 21 وڵاتدا گرتووەتەوە ئەوەی دەرخست کە ڕێژەی تووشبووان لە 32% لە ساڵی 2000 بەرزبووەتەوە بۆ 62% لە ساڵی 2020
توێژەران ڕوونیان کردەوە، کە قەڵەوی خراپیی خۆراک و کەمیی چالاکی جەستەیی دیارترین هۆکارەکانی ئەم بەرزبوونەوەیەن چونکە ئەو منداڵانەی کێشیان زیادە هەشت هێندە زیاتر ئەگەری تووشبوونیان هەیە بە بەراورد بەوانی تر.
پڕۆفیسۆر ئیگۆر ڕۆدان لە زانکۆی ئەدینبەرە وتی “ئەم بەرزبوونەوە خێرایە دەبێت زەنگی ئاگادارکردنەوە لێ بدات” و داوای کرد پشکنینی پێشوەختە و هۆشیاریی تەندروستی بەهێز بکرێت.
دکتۆرە بیج سۆنگ لە زانکۆی ژێجیانگی چین جەختی کردەوە، کە شێوازی ژیانی ناتەندروست بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بەشداری لە تێکچوونی کێشەکەدا دەکات.
شارەزایان ئاماژەیان بەوەدا، کە چاودێریکردنی پەستانی خوێن لە ماڵەوە یارمەتیدەرە لە دۆزینەوەی حاڵەتەکان بە زوویی بە تایبەت کە زۆرێک لە منداڵان نیشانەی ڕوونیان لێ دەرناکەوێت تاوەکو دۆخەکە پەرە دەسێنێت.
بە گوێرەی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی نزیکەی 37 ملیۆن منداڵی خوار تەمەنی پێنج ساڵ بەدەست قەڵەوییەوە دەناڵێنن کە ئەگەری تووشبوون بە پەستانی خوێن و نەخۆشییەکانی دڵ لە داهاتوودا زیاد دەکات.
