کەشناسی هەرێمی کوردستان لە هۆشدارییەکی تایبەت بە کەشوهەوادا ڕایگەیاند، لە شەوی شەممە تا ڕۆژی دوشەممە، کەشوهەوا گۆڕانکاریی بەسەردا دێت و شەپۆلی بارانبارین تەواوی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوە هاتووە کە پێشبینی بارینی بەفر لە ناوچە شاخاوییەکان دەکرێت، هاوکات پلەکانی گەرماش نزیکەی 10 پلەی سیلیزی دادەبەزن.
هۆشدارییەکەی کەشناسیی لەبارەی ناسەقامگیریی کەشوهەوا و هەورەبروسکەیە لەپێناو خۆپاراستنی هاووڵاتییان و دووربوونیان لە شوێنە مەترسیدارەکان.
کەشناسیی پێشبینیکردووە، لەم شەپۆلەدا زۆرترین باران لە دهۆک دەبارێت کە 40 بۆ 80 ملیمە، هەروەها لە هەولێر 25 بۆ 55 ملیم، لە کەرکوک 50 بۆ 55 ملیم و لە سلێمانی 35 بۆ 45 ملیم، باران دەبارێت.

