بە پێی داتاکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، پێنج کاندیدی کۆتا لە پارێزگاکانی دهۆک، هەولێر، کەرکووک، مووسڵ و واست، بۆ هاوپەیمانەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان یەکلا کراوەتەوە.
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق لە پاڵ ئاشکراکردنی ئەنجامە بەراییەکانی خوولی شەشەمی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، دەنگی کۆتاکانی پێکهاتەکانی مەسیحی، ئێزدی و فەیلی ڕاگەیاند.
بە پێی ئەم ئەنجامە، لە بازنەی دهۆک سامی ئوشانە کورکیس انویە بە بەدەستهێنانی ٢٢ هەزار و ٨٣٦ دەنگ، کلدو ڕەمزی هورموز شابو ئوغنا لە بازنەی هەولێر ١٨ هەزار و ٤٧٢ دەنگی بەدەستهێناوە.
لە بازنەی کەرکووک عیماد یوخەنا یاقو یوخەنا عیمادی ١٧ هەزار و ٦٠٢ دەنگی هێناوەتەوە و لە سەر پێکهاتەی فەیلی لە پارێزگای واستیش حەیدەر عەلی محەمەد عەلی ١٧ هەزار و ١٧٤ دەنگی بەدەستهێناوە.
خالید سەیدو عەزیز خەلەف خالیدی لەسەر پێکهاتەی ئێزدی لە بازنەی نەینەوا بە بەدەستهێنانی ٩ هەزار و ٦٨٦ دەنگ، یەکێکی دیکە لە براوەکانی کۆتا بووە بۆ پەرلەمانی عێراق.
هەر کام لەم کاندیدانە بە هاوپەیمانی نزیک لە پارتی دیموکراتی کوردستان هەژمار دەکرێن.
ڕۆژی سێشهممه ١١ی تشرینی دووهم، پڕۆسهی ههڵبژاردنی گشتی بۆ ئهنجوومهنی نوێنهرانی عێڕاق له ههر ١٨ پارێزگاكه بهڕێوهچوو.
پێکهاتەکان لە عێراق بە پێی یاسای ژمارە (٤)ی هەمواری سێیەمی یاسای پەرلەمان کە لە ساڵی ٢٠٢٣ دا پەسەند کراوە، خاوەنی ٩ کۆتا دەبن لە هەڵبژاردنەکاندا کە بەم شێوەیە دەبێت: پێکهاتەی کریستیان یەک کورسییان لە هەر کام لە بازنەکانی بەغدا، کەرکووک، نەینەوا، دهۆک، هەولێر دەبێت. هاوکات لە بازنەی بەغدا، پێکهاتەی سائی یەک کورسی، کەمینەکانی شەبەک و ئێزدی لە نەینەوا هەرکام یەک کورسی و فەیلییەکانیش لە واست یەک کورسی کۆتایان دەبێت.
