spot_imgspot_img

سوودانی براوەی یەکەمی هەڵبژاردنەکەی عێراقە

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند کە لیستی ھاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان بەسەرۆکایەتی محەمەد شیاع سوودانی لەسەر ئاستی ھەموو عێراق یەک ملیۆن و ٣٢٦ ھەزار و ٤٦٢ دەنگی بەدەستھێناوە.

بەرپرسانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا، ئەنجامی بەرایی ھەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی عێراقیان ڕاگەیاند.

بەپێی ئەنجامەکە لیستی ھاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان بەسەرۆکایەتی محەمەد شیاع سوودانی لەسەر ئاستی ھەموو عێراق یەک ملیۆن و ٣٢٦ ھەزار و ٤٦٢ دەنگی بەدەستھێناوە.

ھاوکات ھەر بەپێی ئەنجامی بەرایی ھەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق، لیستی ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی نوری مالیکی لەسەر ئاستی ھەموو عێراق، ٧٢٧ ھەزار و ٨٩٧ دەنگی بەدەستھێناوە و لیستی ھاوپەیمانیی سادیقون بەسەرۆکایەتی قەیس خەزعەلی ٦٩٥ ھەزار و ٩٤١ دەنگی بەدەستھێناوە، ھەروەھا ڕێکخراوی بەدر بە سەرۆکایەتی ھادی عامری ٥٥٦ ھەزار و ١٢٩ دەنگی بەدەستھێناوە.

بە پێی ئەم ئەنجامانە، لیستی ھاوپەیمانیی ھێزەکانی دەوڵەتی نیشتمانی بە سەرۆکایەتی عەممار حەکیم ٥٣١ ھەزار و ٢٣١ دەنگی بەدەستھێناوە و لیستی بزووتنەوەی حقوق نزیک لە حزبوڵڵای عێراق ٢٣٠ ھەزار و ٤٨١ دەنگی بەدەستھێناوە و لیستی ھاوپەیمانیی ئەبشر یا عێراق بەسەرۆکایەتی ھومام حەمودی ٢١٠ ھەزار و ٩٦٤ دەنگی بەدەستھێناوە و لیستی ھاوپەیمانی ئەساسی عێراقی بە سەرۆکایەتی موحسین مەندەلاوی ٢٩٠ ھەزار و ٨٧٧ دەنگی بەدەستھێناوە.

ھەر بەپێی ئەنجامی بەرایی ھەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق لیستی پارتی تەقەدوومی بە سەرۆکایەتی محەمەد حەلبووسی لە نێو لایەنە سوننەکاندا لەسەر ئاستی عێراق یەکەمی ھەڵبژاردنە و ٩٤٥ ھەزار و ١٥٤ دەنگی بەدەستھێناوە.

ھەروەھا لیستی ھاوپەیمانیی عەزم بەسەرۆکایەتی موسەننا سامەرایی ٣٨٤ ھەزار و ٨٧ دەنگی بەدەستھێناوە و لیستی ھاوپەیمانیی سەروەری بەسەرۆکایەتی خەمیس خەنجەر ٣١٥ ھەزار و ٨٢٢ دەنگی بەدەستھێھناوە و لیستی ھاوپەیمانی حەسمی نیشتمانیی بەسەرۆکایەتی سابت عەباسی ٢٤٤ ھەزار و ١٥٣ دەنگی بەدەستھێناوە.

بەپێی ئەنجامی بەرایی ھەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق پارتی دیموکراتی کوردستان لە نەینەوا ١٨٩ ھەزار و ١٢٠ دەنگ و لە کەرکووک ٥٩ ھەزار و ٢٤٩ دەنگی بەدەستھێناوە، یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە نەینەوا “ئیتحاد ئەھل نەینەوا” ٥٦ ھەزار و ٣٤٦ دەنگ و لە کەرکووک ١٧٨ ھەزار و ٦٢٩ دەنگ و لە دیالە ٢٩ ھەزار و ٤٤ دەنگی بەدەستھێناوە.

بەرەی تورکمانی لە کەرکووک ٦٦ ھەزار و ١٧٥ دەنگی بەدەستھێناوە و ھاوپەیمانی عەرەبی ٥٣ ھەزار و ٣٠٩ دەنگی بەدەستھێناوە و ھاوپەیمانی ئینقازی تورکمان ٣٧ ھەزار و ٧٢١ دەنگی بەدەست ھێناوە.

ھەروەھا نەوەی نوێ لە نەینەوا ھەزار و ٧٧٣ دەنگ و لە کەرکووک ١٢ ھەزار و ٣٢٠ دەنگ و لە دیالە ھەزار ٥٥٢ دەنگی بەدەستھێناوە.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە