سەرۆک وەزیرانی هەرێم پەیامێکی سەرەخۆشی ئاراستەی تورکیا دەکات بەبۆنەی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکە تورکییەکە کە 20 سەرباز و پلەداری تورکیای تێدابوو و سەرجەمیان گیانیان لەدەستدا.
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە هۆی قوربانییانی ڕووداوی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی بارهەڵگری سەربازیی تورکیا لە جۆرجیا سەرەخۆشی لە کۆماری تورکیا کرد.
ماڵپەڕی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاندووە، لە پەیامێکدا بۆ وەزیری دەرەوەی تورکیا هاکان فیدان، سەرۆکوەزیران بارزانی پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری قوربانییانی ڕووداوەکە و حکومەت و گەلی تورکیا کردووە.
دوێنێ سێشەممە، وەزارەتی بەرگریی تورکیا ڕایگەیاند، فڕۆکەیەکی بارهەڵگری سەربازیی جۆری C130 کە لە ئازەربایجانەوە بەرەو تورکیا دەگەڕایەوە، لەسەر سنووری جۆرجیا-ئازەربایجان کەوتووەتە خوارەوە و بە هۆیەوە ٢٠ سەرنشینی شەهید بوون.
