spot_imgspot_img

کۆمسیۆن: پۆستەرەکان لێ بکەنەوە

کۆمسیۆن وادەی لێکردنەوەی پۆستەری حزب و کاندیدەکانی راگەیاند و دەڵێت”تەنها 30  ڕۆژ مۆڵەتتان هەیە”.

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە 12ـی تشرینی دووەمی 2025 ڕایگەیاند، لەمڕۆوە کاندیدەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ماوەی 30 ڕۆژیان لەبەردەستدایە بۆ لێکردنەوەی سەرجەم پۆستەر و بانگەشەکانیان لەسەر شەقام و شوێنە گشتییەکان.

ئاماژەی بەوەشداوە، ئەگەر هەر کاندیدێک لە ماوەی دیاریکراودا پۆستەر و بانگەشەکانی لێ نەکاتەوە ئەوا کۆمیسیۆن خۆی بەو کارە هەڵدەستێت و تێچووی لابردنی پۆستەرەکان لەو بڕە پارەیە دەبڕێت کە کاندیدەکە وەکو بارمتە لای کۆمیسیۆن دای ناون.

سەبارەت بە سکاڵاکانی هەڵبژاردن، کۆمیسیۆن ئاماژەی بەوەدا، کە تا ئێستا 39 سکاڵا لەسەرانسەری عێراق تۆمارکراون لە ماوەی دەنگدانی گشتی و تایبەتدا، هەروەها کاندید و لایەنەکان دەتوانن تا کۆتایی دەوامی ئەمڕۆ سکاڵای نوێ پێشکەش بکەن

دەنگدانی گشتی لە ڕۆژی سێشەممە 11ـی تشرینی دووەمی 2025 و دەنگدانی تایبەتیش لە ڕۆژی یەکشەممە 09ـی تشرینی دووەمی 2025 بەڕێوەچوو، ڕێژەی بەشداری لە دەنگدانی گشتیش نزیکەی 54.4% بوو.

بەپێی ئەنجاامی بەرایی، لەسەر ئاستی پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، پارتی دیموکراتی کوردستان زۆرترین دەنگی بەدەستهێناوە بەوپێیەی زیاتر لە یەک ملیۆن و 100 هەزار دەنگی بردووەتەوە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش بە بەدەستهێنانی نزیکەی 535 هەزار دەنگ لە ڕیزی دووەم دێت یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستانیش بە نزیکەی 165 هەزار دەنگ لە ڕیزی سێیەم دێت

جومانە غەلای وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، کاتژمێر 0600ـی ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 12ـی تشرینی دووەمی 2025 ڕێژەی بەشداری و ئەنجامی بەرایی هەردوو دەنگدانی تایبەت و گشتیی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ڕادەگەیەنن.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە