spot_imgspot_img

سوودانی “سەرکەوتنێکی زۆر گەورە”ی بەدەستهێناوە

بەوتەی چەند سەرچاوەیەکی نزیک لە سەرۆک وەزیرانی عێراق، لیستەکەی محەمەد شیاع سوودانی “سەرکەوتنێکی زۆر گەورە”ی لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی عێراقدا بەدەستهێناوە.

بەرپرسێکی نزیک لە سەرۆک وەزیرانی عێراق لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی فرانس پرێس ڕایگەیاند، هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان کە سوودانی سەرۆکایەتی دەکات، سەرکەوتنێکی زۆر گەورەی بەدەستهێناوە لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی عێراق کە دوێنێ بەڕێوەچوو.

دوو سەرچاوەی دیکەی نزیک لە لیستەکە جەختیان کردووەتەوە کە بە ئەگەری زۆرەوە زیاتر لە 50 کورسی بەدەستدەهێنن و دەبنە گەورەترین کوتلەی پەرلەمان.

بە پێی هەندێک ئاماری نافەرمیش، ژمارەی کورسییەکانی لیستەکەی سوودانی لە 70 کورسی نزیک دەبێتەوە.

سوودانی دوای ئەوەی بە پشتیوانیی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هەماهەنگی سێ ساڵ لەمەوبەر گەیشتە سەر دەسەڵات، وەک هێزێکی سیاسی سەرەکی لە عێراق دەرکەوت.

ئەم هەڵبژاردنانە دەروازەیەکە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارێکی نوێ، کە پۆستێکی پرۆتۆکۆلییە و بە پێی نەریتی سیاسیی عێراق بۆ کورد تەرخانکراوە و پاشان کاندیدی گورەترین کوتلە بۆ پێکهێنانی حکومەت ڕادەسپێرێت کە پێدەچێت چەند مانگێک بخایەنێت.

بڕیارە کاتژمێر 6ی ئێوارەی ئەمڕۆ، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەنجامی بەرایی فەرمی هەڵبژاردنی پەرلەمان ڕابگەیەنێت.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە