ئەمرکا ڕایگەیاند سووریا چووە ناو هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعشەوە و دیمەشقیش دەڵێت، بەشێک نین لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان.
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە دیمەشق بڵاویکردەوە کە سووریا بەشداری لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژی داعش دەکات و ڕایگەیاند، “ئەمە خاڵێکی وەرچەرخانە لە مێژووی سووریا و جیهان لە دژی تیرۆر. سووریا بە فەرمی بووە ٩٠هەمین هاوبەش کە بەشداری لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی بۆ شکستپێهێنانی داعش دەکات”.
لای خۆشیەوە حەمزە مستەفا، وەزیری ڕاگەیاندنی سووریا لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشییەتیدپرێس ڕایگەیاند، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتیی سووریا لە میانی کۆبوونەوەکەی دووشەممەی ڕابردووی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، خواست و نیاز و ئامادەیی دیمەشقی بۆ چوونە ناو هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش دەربڕیوە، بەڵام هیچ ڕێککەوتنێک واژۆ نەکراوە.
باسی لەوەشکرد کە هاوپەیمانییە سیاسییەکە جیاوازە لەو ژوورە ئۆپەراسیۆنەی بۆ چالاکییە سەربازییەکان پێکهێنراوە و ڕایگەیاند، سووریا بەشێک نییە لە کردەوە سەربازییەکانی هاوپەیمانییەکە لە دژی داعش، بەڵام ئێشتا لە هەندێک ئۆپەراسیۆندا هەماهەنگی هەیە لە نێوان ئەمریکا و سووریادا.
