spot_imgspot_img

بەڵێ کۆمەڵی دادگەری شکستی سیاسی خوارد

*عومەر ڕەشید

کۆمەڵێک نووسەری ناشیرینی ناو کۆمەڵ بەدرێژایی شکستە سیاسیەکانی هەر خەریکی نووسینی عاتیفی و بێ ماناو مەغزاو ناوەرۆکن: (کۆمەڵ قەت ناکەوێ، کۆمەڵ شاخە، کۆمەڵ ئەسڵە، کۆمەڵ ڕەگ داکوتراوە، کۆمەڵ شکست ناناسێ، کۆمەڵ دنیا دوژمنێتی، خەڵک سپڵەیە بەرامبەر کۆمەڵ…هتد).

کاکە شکست عەیبە نیە، حەیاچوون نیە، یەکێ لە بونیە و سروشتی هەر تاک و کۆمەڵێک شکست و کەوتنە، ئەوەی کە عەیبە و لەکەیە دوو شتە:

–  ئەوەیە دان بە شکست و کەوتنی خۆتدا نەنێیت و هەر وابزانی دەرەوەی خۆت تاوانبارە و خۆت فریشتەی مەعسومی خوای، ئاخر ئیسلام شکستی ئوحود ئەخاتە ئەستۆی هاوەڵان و بێ فەرمانی ڕەسولی خوا، تۆ بۆ پێتوایە نابێ شکست لەئەستۆ بگریت؟

–  ئەوەیە کۆمەڵێ نووسەری عاتیفی و نازدار دەکەونە لێکدانەوەو عوزرهێنانەوە و زەڕب و تەقسیم و خەڵک تاوانبارکردن و هەڵدان بەشان و باڵی کۆمەڵ و سەرکردایەتییەکەیدا، ئیتر کەس خۆی بە تاوانبار نازانێت و دووبارە شکست بێ دایک و باوک دەکەوێت.

کاتێک سەروەرمان لە تایف بەردبارانکراو قسەی نەشیاوی پێوترا فەرمووی خوایە هیدایەتیان بەیت ئەمان نەزانن، تۆش ئەتەوێ حاشا لە خەڵک بکەی، چونکە دەنگیان نەداویتێ؟

دێرینی و خاوەن جیهاد و مێژوو شەهید و کەسی ساڵح، شەفاعەتکار نیە بۆ شکست، مێژوو پینەی ئەمڕۆی پێناکرێ، چاکەی دوێنێ خراپیەکانی ئەمڕۆ ناسڕێتەوە، ململانێی ناوخۆیی بەرهەمەکەی سەرکەوتن نابێ.

ڕاستە چەند بزووتنەوە و ڕەوت دروست بوون و پێش کۆمەڵیان دایەوە و پوکانەوە، بەڵام کۆمەڵ هەر مایەوە، بەڵام پرسیاری گرنگ ئەوەیە مانەوەکە چۆنە؟

مانەوە بە لاوازی و شکستی سیاسی پاش شکستی سیاسی چ ئەرزشێکی هەیە؟

کاتێک کۆمەڵ وەک حیزبێکی سیاسی بەشداری کایەی هەڵبژاردن دەکات و شکست دێنێت نابێ بڵێی ئێمە سەرۆکەکەمان موفەسیرە، بابە مەیدانەکە باسی دەنگ و پەرلەمانە، تەفسیر و نووسین بۆ کایە ئیمانی و مەعریفیەکە دانێ، مێژوو جیهاد و ڕابردوو تێپەڕی.

حاڵی ئێستای کۆمەڵ لەڕووی سیاسیی و ئینتیخابیەوە شکستێکی زۆر بێمانایە، کەسیش تاوانبارنیە جگە لە کۆمەڵ و سەرکردایەتییەکەی، لەگەڵ ئەو کەس و نووسەرانەی دەیانەوێ چاوبەست بکەن و بە نووسینی عاتیفی شکستمان لێبکەن بە سەرکەوتن.

ئێستای کۆمەڵ لەڕووی سیاسییەوە ئاوایە:

–  هەر حیزب و ڕەوتێک ئەمڕۆ دروست دەبێت سبەی لەهەڵبژاردن لەکۆمەڵ دەباتەوە، جا خوای ئەکرد کۆمەڵ هەمووی حافزقورئان ئەبوو.

–  کۆمەڵ لەبەرامبەر هاوتاکەی کە یەکگرتووە زۆر دواکەوتووە، بە سێهێندەی دەنگ و پێنج هێندەی کورسی زیاتر.

–  لە خراپترین حاڵەتی نەوەی نوێدا سێ هێندەی ئێمە کورسی هێناوە، کە پێشتر نۆ هێندەی ئێمە کورسێ هێنا.

–  ڕەوتی هەڵوێستی بێ میدیاو مقەڕ پێنج هێندەی ئێمە کورسی هێناوە.

–  قەناعەتم وایە لاهور جەنگی وای بەسەرنەهاتایە ئەویش پێشمان دەکەوت، یان لانیکەم وەک ئێمە کورسیەکیان دێنا.

بەبۆچوونی موتەوازیعانەی من چارەسەر ئەوەیە:

–  لەگەڵ خوای موتەعال ئاشتبینەوە، واز لە یەکتر شکاندن و لێدان لەیەکتر بێنین، چونکە لایەنی مەعنەوی لە پێشترە لەلایەنە ماددییەکە بۆ تاک و کۆمەڵی باوەڕدار.

–  ڕاست و ڕەوان دان بەشکستدا بنێین و واز لەتۆمەت بەخشینەوە بێنین و هۆکاری شکستیش دیاریبکەین، تەنانەت ئەگەر هۆکارەکە کەسانێک بوون ناچار بە دەستلەکارکێشانەوە بکرێن.

–  دانبەوەدا بنێن کە لەم هەرێمەدا تەنها پەنجا هەزار کەس باوەڕیان بەوە هەیە کە ئێمە دەتوانین نوێنەرایەتیان بکەین لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.

کورت و موختەسەر دیمەنەکە وەک خۆی ببینین نەکەوینە ڕەنگکردن و شێواندنی.

ئەگەر بمزانیایە وەسف و سەناو پیاهەڵدان جێیەک ئەگرێت ئەم بابەتەم نەئەنووسی، قەناعەتیشم وایە کۆمەڵ ئەوەندە کادر و ئەندامی دڵسۆز و خواناسی هەیە ئەتوانێ هەستێتەوە، ئەتوانێ بیباتەوە، بەڵام پاش ئەوەی ڕاست و دروست دان بەشکستی سیاسی خۆیدا دەنێت.

* کارگێڕی ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری مەڵبەندی سلێمانی کۆمەڵی دادگەری

 

 

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە