spot_imgspot_img

چاوەڕوان دەکرێت گەڕێکی گفتوگۆ لەنێوان دیمەشق و “هەسەدە” بەڕێوەبچێت

سەرەڕای تێپەڕبوونی ٨ مانگ بەسەر واژۆکردنی ڕێککەوتنی ١٠ی ئازار لەنێوان سەرۆکی قۆناغی گواستنەوەی سووریا، ئەحمەد شەرع، و فەرماندەی “هێزەکانی سوریای دیموکرات”(هەسەدە)، مەزڵوم عەبدی، بەڵام ڕێککەوتنەکە هیچ هەنگاوێکی کردەیی بەخۆیەوە نەبینیوە و چەندین گەڕی گفتوگۆش لەنێوان هەردوولادا ئەنجامدراون بەبێ گەیشتن بە میکانیزمێک بۆ جێبەجێکردن.

بەڵام ڕێککەوتنی ١٠ی ئازار دوای سەردانەکەی سەرۆکی سووریا بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆبوونەوەی لەگەڵ هاوتا ئەمریکییەکەی، دۆناڵد ترەمپ، لە کۆشکی سپی دوێنێ دووشەممە، گەڕایەوە سەر باس، بەتایبەتی لەگەڵ ڕاگەیاندنی دیمەشق لەبارەی واژۆکردنی ڕێککەوتنێک سەبارەت بە پەیوەندیکردنی بە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی ڕێکخراوی “داعش”، کە واشنتۆن سەرکردایەتی دەکات.

گەڕێکی چاوەڕوانکراوی گفتوگۆ
پێدەچێت ئەم هەفتەیە گەڕێکی نوێی گفتوگۆ لەنێوان دیمەشق و “هەسەدە” بەڕێوەبچێت، دوای گەڕانەوەی سەرۆکی سووریا ئەحمەد شەرع و وەزیری دەرەوەی، ئەسعەد شەیبانی، لە واشنتۆن، بەپێی ئەوەی کە کەناڵی “العربية” لە دوو سەرچاوەوە گواستوویەتییەوە.

هەردوو سەرچاوەکە ڕوونیانکردەوە کە هەردوو لا لە دیمەشقی پایتەخت کۆدەبنەوە بۆ پێشخستنی جێبەجێکردنی بڕگەکانی ڕێککەوتنی ١٠ی ئازار، هاوکات وەزارەتی دەرەوەی سوریاش لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا دوێنێ دووشەممە ١٠- ١١-  ٢٠٢٥ ئاماژەی پێدا.

ئەم گەڕەی گفتوگۆ پێشتر بڕیاری لەسەر درابوو کە لەم مانگەدا سازبکرێت، بەڵام سەردانەکەی سەرۆکی سووریا بۆ واشنتۆن لەگەڵ وەزیری دەرەوە وایکرد بۆ کاتێکی تر دوابخرێن.

چاوەڕوان دەکرێت بەرپرسانی ئەمریکی ئامادەی دانیشتنەکانی گفتوگۆی نێوان “هسەدە” و دیمەشق، بن بەتایبەتی دوای پەیوەندیکردنی سووریا بە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی “داعش”.

ڕێککەوتنی ١٠ی ئازار لەسەر ٨ بڕگە جەخت دەکاتەوە، کە دیارترینیان “یەکانگیرکردنی سەرجەم دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکان لە ناوچەی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا لەناو ئیدارەی دەوڵەتی سووریا”، و ناساندنی کۆمەڵگەی کوردی وەک بەشێکی ڕەسەن لە دەوڵەتی سووریا، و دڵنیابوونەوە لە مافە دەستوورییەکان و هاوڵاتیبوونی تەواو، جگە لە بڕگەکانی دیکە کە پەیوەندییان بەڕەتکردنەوەی بانگەوازەکانی دابەشبوون و ڕاگرتنی ئاگربەستەوە هەیە.

کۆکردنەوەی “هەسەدە”

سەرچاوەیەکی فەرمی لە “هێزەکانی سووریای دیموکرات” سێ ناوی لەزاری سەرکردە سەربازییەکانەوە ئاشکرا کرد، کە پۆستەکان لە وەزارەتی بەرگری سووریا وەردەگرن، دوای ئەوەی ڕێککەوتن لەسەر لکاندنی وەک یەک بەش لەناو سوپای سووریا کرا.

سەرچاوەکە ڕوونی کردەوە؛ سوپای سووریا کە ئێستا لە قۆناغی پێکهێناندایە، لە فیرقە و لیواکان پێکدێت، “هەسەدە” لە ڕێگەی یەک فیرقە و لانیکەم دوو لیواوە یەکانگیر دەکرێت.”

بەپێی سەرچاوەکە، “هەسەدە سێ بەرپرسی کاندید کردووە بۆ سەرکردایەتی ئەم فیرقە و لیوایانە، ئەوانیش لوقمان خەلیل، جیا کۆبانی و جەمیل کۆبانین.”

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە