spot_imgspot_img

لە سەدا ٧٥ی دیزاین و لێکۆڵینەوەکانی رێگای “گەشەپێدان”ی نێوان عێراق و تورکیا تەواو کراوە

بەڕێوەبەری پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدان لە کۆمپانیای ڕاوێژکاری ئیتاڵی (BTB)، ویدۆ بۆنینی ڕایگەیاند لە سەدا ٧٥ی دیزاین و لێکۆڵینەوەکانی رێگای “گەشەپێدان”ی نێوان عێراق و تورکیا تەواو کراوە و ئاماژەی بەوەشدا کە پڕۆژەکە ١٠٠ بۆ ١٥٠ ھەزار دەرفەتی کار دەڕەخسینێت.

ویدۆ بۆنینی لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ھەواڵیی فەرمی عێراقی (INA)، ڕایگەیاند: “کۆمپانیاکەمان لە ساڵی ٢٠٢٣ەوە بەشداری لە پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێداندا کردووە و لەگەڵ ھاوبەشەکانمان لە دەستەی ھێڵی ئاسنینی عێراق دەستمان بە لێکۆڵینەوە لە پڕۆژەکە کردووە”.

ئاماژەی بەوەشدا کە پڕۆژەکە گرنگە، چونکە نەک لە ڕووی نێودەوڵەتییەوە کە جیھان بەیەکەوە دەبەستێتەوە، بەڵکو لە ناوخۆشدا بەشێک لە پارێزگاکانی عێراق بەیەکەوە دەبەستێتەوە.

ڕوونیشیکردەوە کە کۆمپانیاکەیان بایەخێکی زۆر بەو وێستگەیانە داوە کە لە بەسرە، ناسرییە، دیوانییە، نەجەف، کەربەلا، بەغدا، سامەڕا، تکریت، بێجی و مووسڵ دروست دەکرێن.

باسی لەوەشکرد کە کۆمپانیاکەیان بایەخێکی زۆریشی بە دیزاینە ناوخۆییەکان، بەتایبەتیش ئەوەی کە تایبەتە بە پڕۆسەی گواستنەوە لە بەندەری فاوەوە بۆ دەرەوەی عێراق داوە و وتی : “پڕۆژەکە تەنھا لە ھێڵی شەمەندەفەر پێک نەھاتووە، بەڵکو ڕێگایەکی(ھایوەی)یش دەبێت کە لە ئوم قەسرەوە بە ناوچەی باکوور و سنووری تورکیاوە دەبەسترێتەوە بۆ گواستنەوەی کاڵاکان”.

ئاماژەی بەوەدا کە “چەندین وڵات گرنگییان بە پڕۆژەکە داوە، لە سەرووی ھەموویانەوە تورکیا، چونکە ئەو وڵاتە پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە ڕێگای گەشەپێدانەوە ھەیە، سەرەڕای وڵاتانی کەنداو لەوانە قەتەر و ئیمارات و سوڵتاننشينی عومان کە ئارەزووی خۆیان دەربڕیوە بۆ ئەوەی ببن بە بەشێکی چالاک لە پڕۆژەکەدا، ھەروەھا چاوەڕوان دەکەین سعوودیە دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان، بەشداری لە پڕۆژەکەدا بکات”.

باسی لەوەش کرد کە پڕۆژەکە لە قۆناغی دووەمی پڕۆژەکەدا، سەرنج دەخرێتە سەر دروستکردنی کارگە و یەکە پیشەسازییەکان و شارە ئابوورییەکان و وتی: “ئەم پڕۆژە ئابوورییانە بەدوای یەکدا جێبەجێ دەکرێن، ئەوەش بەپێی ئەو پلانەی کە دانراوە و ماوەکەی ٢٥ ساڵە”.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە