ئەمڕۆ پێکهاتە عێراقییەکان، ڕوویان لە سندوقەکانی دەنگدان کرد بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی خولی شەشەمی ئەنجوومەنی نوێنەران.
لەم هەڵبژاردنەدا کە کێبڕکێیەکی فراوان هەبوو، ٣١ هاوپەیمانی، ٣٨ پارتی سیاسیی و ٧٥ لیستی سەربەخۆی تاکەکەسی بەشداریان کرد.
ئەم هەڵبژاردنە وێستگەیەکی گرنگە لە دیاری کردنی ئاڕاستەی سیاسیی داهاتووی وڵاتەکە بۆ چوار ساڵی ئایندە.
ئەو هاوپەیمانییە سەرەکییانەی لە هەڵبژاردنەکەدا بەشدار بوون بریتی بوون لە؛ هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی نوری مالیکی، ئەم هاوپەیمانییە وەک گەورەترین فراکسیۆنی بەشدار دادەنرێت، کە ١٤ پارت و ڕێکخراوی سیاسی لەخۆدەگرێت.
هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان بە سەرۆکایەتی سەرۆکوەزیرانی ئێستای عێراق، محەمەد شیاع سوودانی، ئەم هاوپەیمانییەش بە گەورەترین هاوپەیمانی لەڕووی بازنەی بەشداریکردنەوە دادەنرێت، کە کاندیدەکانی لە کۆی ١٨ پارێزگای عێراق لە ١٢ پارێزگایاندا بوونیان هەیە و ژمارەی کاندیدەکانی دەگاتە ٤٧٠ کاندید.
لەسەر ئاستی پارت، ڕێکخراوی بەدر بە سەرۆکایەتی هادی عامری بەشدارییەکی بەرچاوی هەبوو، کە ٤٤٢ کاندیدی لە ١٢ پارێزگادا کێبڕکێیان کرد.
بەیانی ڕۆژی ٣شەممە ١١ – ١١ -٢٠٢٥ کاتژمێر ٧:٠٠ لە سەرانسەری عێراق پرۆسەی هەڵبژاردنی گشتیی بۆ خولی شەشەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەستی پێکرد و ئێوارە کاتژمێر ١٨:٠٠ کۆتایی هات، کە تیایدا٢٠ ملیۆن و ٦٣ هەزار و ٧٣٣ کەس مافی بەشداری کردنیان هەبوو، بۆ ئەم مەبەستە هەشت هەزار و ٧٠٣ بنکە و ٣٩ هەزار و ٢٨٥ وێستگەی دەنگدان دانرابوون.
لە هەڵبژاردنەکەدا حەوت هەزار و ٧٦٨ کاندید بەشداریان کرد، کە پێکهاتوون لە پێنج هەزار و ٥٢٠ کاندیدی پیاو و دوو هەزار و ٢٤٨ کاندیدی ژن و، کێبڕکێ لەسەر بەدەستهێنانی ٣٢٩ کورسی پەرلەمان کرد.
بەشێوەیەکی گشتیی لە هەرێمی کوردستان ٣٠٢ کاندید کێبڕکێیان لەسەر ٤٤ کورسی پەرلەمان کرد.
پێش دەستپێکردنی پڕۆسەی هەڵبژاردنەکە، ٨٣٧ کاندید بەهۆکاری جیاواز لەوانە تۆمەتی گەندەڵی و پێشینەی تاوان لە کێبڕکێکە دوورخرانەوە، هەندێک لایەنیش خۆبەخشانە ژمارەیەک کاندیدیان کشاندەوە.
ئەم هەڵبژاردنە، لە سۆنگەی دیاری کردنی هاوکێشە سیاسییەکانی داهاتوو و گەنگەشەکردنی پرسە چارەنووسسازەکانی وڵات، چاوی هەموو عێراقییەکانی لەسەرە.
