یاریدەدەری سەرۆك وەزیرانی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، ئێستا مووچەی مانگی نۆ نەهاتووە، چونکە دەستوور جێبەجێ نەکراوە و دەشڵێت: دەنگدان گرنگە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچە.
ڕێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: “پرۆسەکە بە باشی بەڕێوەدەچێت و بە شێوەی دیجیتاڵی و ئەلیکترۆنی کارەکان باش دەڕۆن. سوپاس بۆ کۆمیسیۆن کە توانیویەتی ئەو گرفتە تەکنیکیانە چارەسەر بکات کە لە هەڵبژاردنەکانی ڕابردوودا هەبوون، وەک نەخوێندنەوەی پەنجەمۆر.”
دەشڵێت: “هیوادارین هەموو ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە لە هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکان بەشداریی ئەم پرۆسەیە بکەن، چونکە ئەم پرۆسەیە زۆر گرنگە بۆ ئایندەی عێراق و هەرێمی کوردستان. لە دوای ئەم قۆناغە، دەبێت کاری جددی بۆ جێبەجێکردنی دەستوور بکرێت، کە بنەمای پێکەوەژیانی هەموو عێراقییەکانە.”
ڕێباز حەملان ئاماژەی بەوەشدا “تا ئێستا بەشێک لە بڕگەکانی دەستوور نەکراونەتە یاسا و پێویستە لەم خولەی داهاتووی پەرلەمانی عێراقدا بکرێنە یاسا، تاکوو مافی کورد بەدەست بهێنین، بەتایبەت بودجە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان. کێشەی مووچەی مووچەخۆران یەکێکە لە کێشە هەرە گەورەکان؛ وەک دەبینن ئێمە لە مانگی 11داین و تا ئێستا مووچەی مانگی نۆ نەهاتووە. هۆکارەکەشی ئەوەیە کە دەستوور وەک خۆی جێبەجێ نەکراوە. ئەگەر دەستوور جێبەجێ بکرایە، ئەم کێشە و گرفتانە ڕوویان نەدەدا.”
ڕاشیگەیاند، “هیوادارین خەڵکی کوردستان بەشداریی ئەم دەنگدانە بکەن، تاکوو سەنگ و قورسایی کورد لە بەغدا ڕەنگدانەوەیەکی گەورەی هەبێت و زۆرترین کورسی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەدەست بهێنین، بۆ ئەوەی بتوانین بەرگریی لە مافەکانمان بکەین.”
