spot_imgspot_img

ئەو سەربازەی لەسەر ئاڵای کوردستان لە هاووڵاتییەكی دا، دەستگیرکرا

ئەمڕۆ لەكاتی دەنگدانی گشتی بۆ پەرلەمانی عێرا قلە خورماتوو چەند سەربازێکی سوپای عێراقی هێرشیان کردە سەر گەنجێکی کورد لەسەر ئەوەی ئاڵای كوردستانی پێ بووە، هاوكات سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق دەڵێ، سەربازێکیان دەستگیرکردووە.

وەزارەتی پێشمەرگە لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە: “بە تووندی ئیدانە و سەرکۆنەی رەفتارە ناشرینەکانی ئەو چەند سەربازەی سوپای عێراقی دەکەین، کە لە دووزخورماتوو هێرشیان کردە سەر گەنجێکی کورد، تەنیا لەبەر ئەوەی ئاڵای کوردستانی هەڵگرتبوو”.

فەریق سەعد مەعن، سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق، ئەمڕۆ بە رووداوی وت: “ئەو سەربازەی دەستدرێژی کردە سەر هاووڵاتییەکەی خورماتوو دەستگیرکرا”.

وەزارەتی پێشمەرگە رووداوەکەی بە “پێشێلکردنێکی” مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ پێناسە کرد و رایگەیاند: “ئاڵای کوردستان نیشانەی ناسنامە و شانازی کوردستانە، کە بەپێی دەستوور دانی پێدانراوە لە عێراقی فیدراڵی دیموکراتیدا؛ نابێت هیچ کەسێک بەهۆی هەڵگرتنییەوە ببێتە ئامانجی تووندوتیژی و دەستدرێژی”.

وەزارەتی پێشمەرگە داوای کردبوو، هێزە عێراقییەکان تۆمەتباران دەستگیربکەن و رووبەڕووی یاسایان بکەنەوە.

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە