وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕەفتاری هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە خورماتوو بەرانبەر گەنجێکی کورد سەرکۆنە دەکات و داوای بە سزاگەیاندنی ئەنجامدەرانی دەکات.
وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت: “بە توندی سەرکۆنەی ڕەفتارە ناشرینەکانی ئەو چەند سەربازەی سوپای عێراقی دەکەین کە لە دووزخورماتوو هێرشیان کردە سەر گەنجێکی کورد، تەنها لەبەر ئەوەی ئاڵای کوردستانی هەڵگرتبوو”.
باسی لەوەشکردووە: “ئەم ڕووداوە پێشێلکردنێکی ڕوونی مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤە، ئاڵای کوردستان نیشانەی ناسنامە و شانازی کوردستانە، کە بەپێی دەستوور دانی پێدانراوە لە عێراقی فیدراڵی دیموکراتیدا هیچ کەسێک نابێت بەهۆی هەڵگرتنییەوە ببێتە ئامانجی توندوتیژی و دەستدرێژی”.
دەشڵێت: “داوا لە لایەنی یاسایی و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق دەکەین کە بە خێرایی هەنگاو بنێن و لێپرسینەوەیەکی جدی بکەن لەسەر ئەم ڕووداوە و بەرپرسیارانی ئەم کردەوەیە بدرێنە دادگا و ڕێگری بکرێت لە دووبارەبوونەوەی ئەم کردەوە نەخوازراوانە، کە خزمەت بە ئاشتی پێکەوە ژیانی پێکهاتەکانی ئەم ناوچانە ناکات”.
