spot_imgspot_img

“بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا تاکە ڕێگامانە بۆ ڕاستکردنەوەی هەڵەکان”

سەرۆک کۆماری عێراق، عەبدوللەتیف جەمال ڕەشید، دووپاتی کردەوە کە هەڵبژاردن ماف و ئەرکێکی نیشتمانییە و بەشداری کارا و بەرفراوان لە هەڵبژاردنەکاندا تاکە ڕێگامانە بۆ ڕاستکردنەوەی هەڵەکان.

سەرۆک کۆماری عێراق، لە وتارێکدا بەبۆنەی بەڕێوەچوونی خولی شەشەمی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند: “ئەمڕۆ لەسەر شاڕێی قۆناغێکی نوێ و گرنگداین بۆ بونیاتنانی ئاشتی و سەقامگیری و گەشەپێدان”.

ڕوونیشی کردەوە؛ “بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان جەختکردنەوەیە لەسەر پابەندبوونمان بە ژیانی سیاسی دەستووری دیموکراسی”.

وتیشی: “گەلەکەمان سەلماندی کە شایستەی بەردەوامیدانە بە دەستکەوتە شارستانییەکانی و نموونەیەکی دیموکراسی لە پێکەوەژیان لەنێوان پێکهاتە جیاوازەکانیدا پێشکەشکرد، بەشداری کارا و بەرفراوان لە هەڵبژاردنەکانیشدا تاکە ڕێگامانە بۆ ڕاستکردنەوەی هەڵەکان و چارەسەرکردنی خاڵە نەرێنییەکان و پەرەپێدانی سیستمی سیاسی گەلەکەمان”.

ڕەشید درێژەی بە قسەکانیدا و وتی: “هەڵبژاردن ماف و ئەرکێکی نیشتمانییە و ئێمە لە سەرۆکایەتی کۆمار کارمان بۆ پشتگیریکردنی هەموو ئەو لایەنانە کردووە کە بەشدارن لە جێبەجێکردنی شایستەی هەڵبژاردن”، داواشی لە دەنگدەران کرد کە “بە ڕاستگۆیی و ئەمانەتەوە دەنگ بدەنە ئەو کاندیدانەی چاودێری پاراستنی ماف و بەرژەوەندییەکانن”.

سەرۆک کۆمار لە کۆتایدا وتی؛ “پاڵپشتی ئەنجومەنی نوێنەرانی داهاتوو دەکەین بۆ دەرکردنی یاسا گرنگەکان، بەتایبەتی ئەوانەی کە ماددە دەستوورییەکان کارا دەکەن بۆ تەواوکردنی بنیاتی دامەزراوەیی دەوڵەت و پێکهێنانی حکومەتێکی فیدراڵی نوێی بەهێز و کارا بۆ دابینکردنی خواست و ویستەکانی هاووڵاتیان لە ئاسایش و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و پەرەپێدانی ئابووری و دابینکردنی هەلی کار و خزمەتگوزارییەکان و پاراستنی یەکێتی و سەربەخۆیی و سەروەری عێراق و بنیاتنانی پەیوەندییەکی جێگیر و دەستووری کە لەسەر هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بونیاد نرابێت”.

 

spot_img
spot_img

باوترینەکانی هەفتە