ئاشکرا بووە هەندێک لاپەڕەی فەرمی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، لەلایەن وڵاتێکی دراوسێوە بەڕێوەدەبرێن بەتایبەتی تورکیا، ئەمەش بووەتە هۆی ناڕەزایەتی و تووڕەییەکی بەرفراوان لەنێو سوورییەکاندا.
لاپەڕەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن لە پەیوەندیکردن لەنێوان لایەنە فەرمییەکان و هاووڵاتیاندا، هەروەها لە دروستکردنی وێنای دەروونی دەربارەی دەوڵەت و سیاسەتە فەرمییەکان.
بڵاوبوونەوەی زانیاری لەسەر پلاتفۆرمەکانی سۆشیال میدیا کە ئاماژە بەوە دەکات “ئەدمین” یان بەڕێوەبەرانی ناوەڕۆک لە تورکیا هەن کە بەڕێوەبردنی هەندێک لاپەڕەی فەرمی لە ئەستۆ دەگرن.
بەشێک لە چالاکوانە سوورییەکان دەڵێن؛ بانگەشە بۆ بوونی دەستێوەردانی دەرەکی کە ئامانج لێی ئاراستەکردنی پەیامە فەرمییەکان یان دەستکاریکردنی ڕای گشتی سووریایە لە ڕێگەی بەڕێوەبردنی ناوەڕۆک بە شێوازێکی دیاریکراو هەستیپێکراوە و بەڕوونی دیارە کە پەڕە و پێگە فەرمییەکان لە لایەن کەسانێکی بیانییەوە لە وڵاتێکی تر بەڕیوە دەبرێن.
زۆرێک لە سوورییەکان ناڕەزایەتی و تووڕەیی خۆیان دەربڕی، بەو پێیەی دەستێوەردانی دەرەکی لە بەڕێوەبردنی لاپەڕە فەرمییەکاندا هەڕەشە لە سەروەری دەوڵەت دەکات و متمانەی دامەزراوە نیشتمانییەکان دەخاتە ژێر پرسیارەوە.
تا ئێستا هیچ لێدوانێکی فەرمی پشتڕاستکراو لەبارەی بوونی کۆنترۆڵی دەرەکی لەسەر بەڕێوەبردنی لاپەڕەکان بڵاونەکراوەتەوە، بەڵام هەندێک لایەن و شیکەرەوە پێیان وایە کە بابەتەکە پێویستی بە لێکۆڵینەوەیەکی فەرمی هەیە بۆ ئاشکراکردنی ڕادەی ڕاستییەکەی.
لێکۆڵینەوەیەکی بەرفراوان کە لەلایەن دامەزراوەی پەخشی بەریتانی “بی بی سی” ئەنجامدراوە، بوونی تۆڕەکانی هەژماری ساختە و ڕێکخراوی ئاشکرا کرد، کە لە دەرەوەی سووریاوە بەڕێوەدەبرێن، ئامانجیان بڵاوکردنەوەی وتاری ڕق و کینە و هاندانی تایەفەگەری و پەیڕەوکردنی زانیاری هەڵەیە سەبارەت بە دۆخی ناوخۆیی سووریا.
بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکە، ئەم تۆڕانە چالاکییەکانیان لەسەر پلاتفۆرمی “ئێکس” چڕ دەکەنەوە و بە شێوازێکی سیستماتیک و دووبارە لە چوارچێوەی هەڵمەتە ئەلیکترۆنییەکاندا کار دەکەن کە پەیوەندییان بە گۆڕانکارییە سیاسییەکانی دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەدی لەسەر کار لادراوەوە هەیە.”




