وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە وەڵامی لێدوانەکانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئیسماعیل بەقایی سەبارەت بە ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق ڕەتدەکاتەوە و دەڵێت” ڕپڕۆسەی ھەڵبژاردن پرسێکی تەواو نیشتیمانییە”.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، کە عێراق پەیوەندی ھاوسەنگ لەگەڵ دراوسێکانی دەپارێزێت لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی سەروەریی ھاوبەش و دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆ.
وەزارەتەکە لە ڕاگەیاندراوێکدا وەڵامی لێدوانەکانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئیسماعیل بەقایی سەبارەت بە ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراقی دایەوە و ئاماژەی بەوەداوە، کە لێدوانەکانی ئیسماعیل بەقایی سەبارەت بە ھەڵبژاردنەکانی عێراق، دەستوەردانێکی ڕوونن و ڕەتی دەكەنەوە.
ڕاشیگەیاندووە، کە پڕۆسەی ھەڵبژاردن پرسێکی تەواو نیشتیمانییە، تەنھا پەیوەستدارە بە ئیرادەی خەڵکی عێراق و دامودەزگا دەستورییەکانی .
باسی لەوەش کردووە، کە عێراق پەیوەندی ھاوسەنگ لەگەڵ دراوسێکانی دەپارێزێت لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی سەروەری ھاوبەش و دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆ.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، پاراستنی پەیوەندییەکی باشی دراوسێتی پێویستی بە پابەندبوونی تووندە بەو پرنسیپانە و دوورکەوتنەوە لە ھەر لێدوانێک یان ھەڵوێستێک کە پێشێلی سەروەریی عێراق بکات یان دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی بکات.
ئەمەش دوای ئەوە دێت ئەمڕۆ دووشەممە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئیسماعیل بەقایی، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندبوو کە، دەستوەردانی ئەمریکا لە ھەڵبژاردنەکانی عێراقدا ڕەت دەکەنەوە.
