سەرباری بانگەشەی توندی هەڵبژاردن و بەڵێنی زۆری سەرۆكی حزب و لایەنەكان و كاندیدەكان، بەڵام زۆری ژمارەی دەنگی پووچەڵ و بایكۆت بۆتە شۆكی هەڵبژاردن و ڕێژەیەكی بەرزی تۆماركردووە و هەڵبژاردن لەدوای هەڵبژاردن ئەو رێژەیە بەرزدەبێتەوە.
بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنی ساڵی ڕابردووی پەرلەمانی كوردستان ژمارەی ئەو كەسانەی دەنگەكانیان پووچەڵ كردبووەوە 26 هەزار و 644 كەس بووە ئەمە جگە لە ڕێژەی بایكۆتی خەڵك، كە هەر نەچوون بۆ دەنگدان.
هاوكات، لە هەڵبژاردنی ئەمساڵی پەرلەمانی عێراق، كە دوێنێ یەك شەممە 9ی 11ی 2025 ئەنجام درا و تەنها دەنگدانی تایبەت بووە 38 هەزار و 565 دەنگی پووچەڵ بەپێی ئەنجامی بەرایی تۆمار كراوە، ئەمە سەرباری ئەوەی هێشتا دەنگدانی گشتی نەكراوە، كە سبەینێ 11ی 11 ئەجام دەدریێت و پێشبینی دەكرێت ژمارەی دەنگی پووچەڵ زۆر زیاد بكات.
بەگوێرەی ئامارەکان کۆی دەنگی پوچەڵ دەنگدانی تایبەت گەیشتووەتە ٣٨ هەزار و ٥٦٥ دەنگ، لە سلێمانی زۆرترین بووە بە ١٩ هەزار و ٦٤٥ دەنگی پوچەڵ، لەدوای ئەوەیش هەولێر دێت بە ١٣ هەزار و ٤٦٥ و دهۆکیش ٥٤٠٦ دەنگی پوچەڵ بووە.
بەپێی ئاماری كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، لە هەرێمی كوردستان 224 هەزار و 333 كەس مافی دەنگدانیان هەبووە لە دەنگدانی تایبەت و 98%ی ئەو ژمارەیە چووە بۆ دەنگدان بەو پێیەش نزیكەی بەپێی ئامارە نافەرمییەكان 200 هەزار دەنگدەر چوون بۆ دەنگدان و بەوەش ڕێژەی دەنگی پووچەڵ نزیكەی 19% بووە.
بوونی ئەم ژمارە زۆرەی دەنگی پووچەڵ لەكاتێكدایە، كە ژمارەیەكی زۆری خەڵكی بایكۆتی هەڵبژاردنیان كردووە ئەمە سەرباری ئەوەی بە هەزاران هاووڵاتی هەر كارتی دەنگدانیان وەرنەگرتۆتەوە و ئەوانیش بایكۆتی دەنگدان دەكەن.
حاكم شێخ لەتیف مستەفا لە نووسینێكدا لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك ئاماژەی بەوەكردووە، ئەو ریژە زۆرەی دەنگی پوچەڵ لە دەنگدانی تایبەتدا هۆشیاری و ویژدان زیندویی ئەندامانی هێزی پیشمەرگە و هێزە ئەمنیەکان دەردەخات، کە هەرچەندە بەزۆریش ببرێن بۆ دەنگدان، بەڵام ئامادە نین دەنگ بە پێچەوانەی قەناعەت و ویژدانی خۆیانەوە بدەن.
حاكم شێخ لەتیف، كە لە خوولی پێشووتری پەرلەمانی عێراق پەرلەمانتار بووە دەشڵێت: ئەوانە ئاماژەی دلخۆشکەرن بۆ داهاتوو”.
بەبڕوای چاودێانی سیاسی و یاسایی، بوونی ئەو ژمارە زۆرە دەنگی پووچەڵ و بایكۆت، ئاماژەی مەترسیدارن لەسەر شەرعیەتی هەڵبژاردن و پێویستی بە لێكۆڵینەوەی ورد هەیە لەلایەن ناوەندە پەیوەندیدارەكانەوە.
