سامانی وەستا بەکر، سوید – ستۆکهۆڵم
دروست کردنی بڕیاری سیاسی، گۆڕانکاری بنچینەی، چاکسازی گشتی و ڕێفۆرمی سەرتاسەری پێویستی بە ئیرادەی هەمووان یان لایەنی کەم زۆرینەی ئیرادەی هەمووان و حیزبی هاوچەرخی تەواو عەیار دیموکراتی هەیە، کە بڕوای بە خەباتی پەرلەمانی هەبێ و سیستمی سیاسی نوقسانی نەبێ لە دەستور و دەستاودەستکردنی ئاشتیانەی دەسەڵات، پەرلەمانیش کێڵگەیەکبێ بۆ دەرخستن و پێهەڵاچوونی توانای فیکری سیاسی موحەنەکی حیزبەکان.
وەرچەرخان لە دۆخێکی ناجێگیرەوە بۆ دۆخێکی جێگیر پێویستی بە بڕیاری عەقڵانی و هەلومەرجی گونجاو و پایەی کۆمەڵایەتی وشیار هەیە بەو واتایەی کە کۆمەڵگە هەر خۆی جێگیری سیاسی و ناجێگیری ئەچەسپێنێ ئەگەر بە هۆشیارییەوە بڕوانێتە بارودۆخەکە، چونکە لە نێوان وێستگەکانی دوو هەڵبژاردنا ماوەیەک هەیە بۆ پێداچوونەوە، ئەو ماوەیە جەمسەرێکی لای ئەوانەن کە متمانەیان وەرگرتوەو حاکم و باڵا دەست و حوکمدارن و جەمسەرەکەی تریشی لای ئەوانەیە کە دەنگی تەواویان بەدەست نەهێناوە تا دەسەڵات بگرنە دەست.
کۆمەڵگەی چەلەنگ و هۆشیار ئەگەر لەکاتی دەنگداندا دەنگ بە ئاڕاستەی بەرژەوەندییەکانی خۆیان بەن نەک بەرژەوەندی حیزب، ئەوا گرنگی زانینی نێوان ئەو دوو جەمسەرە یان وێستگەکانی هەڵبژاردن وائەکات ئەوانەی براوەی هەڵبژاردن بوون و متمانەیەیان وەرگرتووە لەوە بگەن لە ئەو ماوەیەی لە پۆستەکانیانا کارئەکەن، کاری باش و هەڵسوڕان و توانا و لێوەشاوەیی سەنگی مەحەکە بۆ مانەوەو بەردەوام بوون لە دەسەڵات و خەمی یەکەمیان کاری باش کردن و چاکترکردنی ژیانی هاوڵاتی ئەبێ، بەڵام هەرچی جەمسەری دووەمە کە متمانەو دەنگی تەواوی بەدەست نەهێناوە وەک ئۆپۆزسێۆن ئەبێتە باشترین ڕەقیب، بەم جۆرەش پایەکانی دیموکراسی و حوکمی گەل ئەچەسپێت و گەشانەوەو ئاوەدانی جێێەک بۆ پێچەوانەکەی ناهێڵێتەوە.
“دانکۆرت رۆستۆ” پێی وایە سیستمی دیموکراسی بە چوار قۆناغا تێئەپەڕێ کە تێیدا وەرچەرخانی دیموکراسی ئەگەیەنێتە پنتەکانی ڕاگیربوونەوە کە ئەونیش بریتین لە:
١.قۆناغی دەستەبەربوونی یەکێتی نیشتمانی، لەم قۆناغەدا ڕێکەوتنی گشتی نییە بەڵکو شوناسێکی سیاسی هاوبەش پێکیەت لەلایەن زۆرینەوە.
٢.قۆناغی ئامادەیی کۆمەڵگا (اعداد) “Preparatory phays”
بەمانای ئەوەی وڵات لەم حاڵەتەیا بە قۆناغی ململانێی دوورو درێژو یەکلانەبوونەوەیا تێئەپەڕێ و دیموکراسی لە مناڵانی ململانێ و تەنانەت جاری وا هەیە توندوتیژیشا لە دایک ئەبێ نەک بەرهەمی پەرەسەندنی ئاشتینێ.
٣.قۆناغی بڕیاردان “Decision phays”
لەم قۆناغەیا لایەنە ناکۆکەنا بڕیار لەسەر ئەوە ئەیەن کە چارەسەرێک و بنەمای دیموکراسی پەسەند بکەن کە تیایا هەمووان مافی بەشداری کردنیان پێ بدرێ لە کۆمەڵگای سیاسیا.
٤.قۆناغی ڕاهاتن “التعود” Habituation phyas”
لەم قۆناغەیا کە لایەنەکان بڕیاریانیاوە دیموکراسی پەسەند بکەن بێ ئەوەی قەناعەتیان هەبێ یان بێ ئەوەی ململانێکانیان کۆتای پێ هێنابێ بەڵام بۆ نەوە “جیل”ی دوای ئەوان ئەم جۆرە پێکەوە ژیانە ئەبێتە قەناعەت و بەمەش دیموکراسی خۆی ڕاگرو جێگیرئەکا ئەمەش بە “لبرنة”ی سیاسی واتە بە لیبرالیزەکردنی پرۆسەی سیاسی لە قەڵەم ئەیرێ.
مەخابن پاش ٣٤ ساڵ لە ئەزموونی بەناو دیموکراسی بەڵام نە دەسەڵاتێکی خەمخۆر و ڕەشید، نە ئۆپۆسزیۆنێکی ڕەقیب و نابەرژەوەندیخواز و نە کۆمەڵگەیەکی هۆشیار کە پاداشت و ستیاشی حیزب و لایەنی خاون بەڵێن و خزمەتکاری ڕاستەقینەی کۆمەڵکە بکات یان بەدواداچوون بۆ کارو بەڵێنەکانی لایەنکان بکا و حیزب و لایەنی کەمتەرخم سزابات لەڕێێ سندوقی دەنگەدانەوە.
نەنگییە زۆرینەی هەرە زۆری کۆمەڵگەیەک لەماوەی ٣٤ ساڵ بەناو ئەزموونی دیموکراسی هەر بەهەمان ئاڕاستە دەنگبات و هەست و سۆزی حیزبایەتی و ئەقڵی خێل و بە ئایدۆلۆژیای گواستراوەی بەسەرچووی باو باپیران هەمان حیزب هەڵبژێرێتەوە وەک ئەوەی خۆی بوونی نەبێت و ئایدۆلۆژیای گواستراوەی باوانی بەشێکبن لە پێکهاتەو ئەندامنای جەستەی.
نەنگییە کە مرۆڤ ڕەش لە سپی و هەڵە لە ڕاست و خراپە لە چاکە جیانەکاتەوە، مەخابن ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی پێشووتر ئەو پەیامەیان گەیاندووە کە کۆمەڵگەی باشوری کوردستان تووشی دۆگما بووە و خۆی ڕادەستی ئەو سیستەمە ئارناشیزمە کردوەو باوڕێشی بە سیاسەتی فیوداڵیزمیش هێناوەو لای وایە سیاسەت ٢٢ لەسەر ٧و گۆڕانکاری لەسەرو دەسەڵاتی کۆمەڵگەوەیە و ئەبێ هەر خودی دەسەڵاتدار بەچاوێکی بەزەییەوە ئەرک بفەرمووێ و گۆڕانکاریی بکات ئەگەرچی زۆر کەمیشبێ یان فریادڕەسێ لە دەرەوەی بازنەکە گۆڕانکاری بکات وەک ئەوەی ئەمریکا کردی لە ئێراق.
باش و خراپ لە خودی کردەکەدا باش و خراپن، نەك لە بکەرەکەیا. لای ئێمە ئەم سەرەتا سادەیە تێکچووە بۆیە ناتوانین هێزی باش بەرهەم بهێنین و هەمیشە ململانێکانمان لەنێوان خراپ و خراپترایە! چونکە چیتر لە سیاسەتی ئێمەیا، ئەوە خراپ نیە کە خراپە، ئەوە خراپە کە فڵان لایەن ئەیکات! ئەوە باش نیە کە باشە، ئەوە باشە کە دژی فیسار لایەنە!
ئەمجۆرە لە سیاسەت کردن و دەنگدان بەم ئاڕاستەیە ئەوەی لێ ئەکەوێتەوە کە ٣٤ ساڵە لە باشور ئەگوزەرێ، سێ شار ی دەستەخوشک کران بە دوو زۆنی دژە یەک، حکومەتێک دروست بووە بۆئەوەی لای خەڵکی سەرکەوتنی حیزبەکەی پشانبات زۆنێک ئاوەدانەکاتەوە لەسەر حسابی خەڵکی سیڤیلی زۆنی ئەولا، لەملاش حیزبێک بۆ برەودان بە عینادی سیاسی زۆنێک لە زۆربەی خزمەتگوزارییەکان بێ بەشەکا بۆئەوەی بە خەڵک بڵێ ئەوە زۆنی ئەولایە سزاتان ئەیەن.
پرسیارەکە ئەوەیە، ئایا کامیان ڕاستەکەن؟
فەرموون لەسەر سندوقەکانی هەڵبژاردن وەڵامی ئەو ئەو پرسیارەبەنەوە، ئەگەر بۆ تەنها جارێکیشبێ دوور لە ئایدۆلۆژیای حیزبی و بە لەچاوگرتنی کارو کاردانەوە و خزمەتگوزارییەکانی ساڵانی ڕابردوو وە بە ئەنجام گەیاندنی بەڵێنەکانی هەڵبژرادنی هەر حیزبێک لە پێشووترا دەنگبەن.
بگۆڕێن، گۆڕانگاتی دروست بکەن و بیگۆڕن، پێتان ئاساییبێ کە تۆی هەڵگری ئایدۆلۆژیایەکی حیزبی لە هەڵبژردنا دەنگبەی بە حیزبی ڕکابەری حیزبەکەی خۆت، تۆ بەمە هاوکارەبی کە حیزبەکەت باشترکەی نەک پشتی تێکەی یان خیانەتی لێبکەی وەک ئەوەی لە کۆبوونەوە حیزبییەکانا پێیتان ئەوترێ.
مرۆڤ خۆی لە خۆیدا بونەوەرێکی سرکە و شەیدای ئازادییە، چونکە ئازادی کرۆکی بوونی ئادەمیزاد پێک ئەهێنێت. قایلبوونی مرۆڤ بە دەستەمۆی زادەی نائومێدی و ڕەنگدانەوەی ڕۆحێکی خەواڵووە، بەڵام ئەوەی مرۆڤ لە زیندەوەرەکانی دیکە جیا ئەکاتەوە، یاخیبوونە لە ستەم و ڕازی نەبوونە بەوەی شکۆی ژێرپێ بخرێت، ئەکرێ ڕەنگدانەوەی ئەو یاخیبوونەوە لەسەر سنووقەکانی دەنگدان ڕەنگباتەوە.
